لە لوتکەى بەغدا چى روودەدات

KNN : Kurdish News Network
09:47 - 27/08/2021
ڕاپۆرت

رۆژى شەممە (28) ى ئابى (2021)  کۆنگرەى لوتکەى بەغدا (کۆنگرەى هاریکارى هاوبەشى)  بەرێوەدەچێت ،حکومەتى عێراق بانگهێشتنامەى ئاراستەى وڵاتانى دراوسێى (جگە لە سوریا) و ئیمارات، قەتەر، میسر، ئەمەریکا، فەرەنسا، روسیا و  ژاپۆن کردوە.

تەوەرە سەرەکیەکانى ئەو لوتکەیە پرسى شەڕى ناوخۆى یەمەن، داڕمانى ئابورى لوبنان و قەیرانى ئاوە لەسەر ئاستى ناوچەکە، بەڵام لەواقیعدا پێدەچێت ئەمانە تەوەرى لاوەکى بن، تەوەرە سەرەکیەکە لێک نزیک کردنەوە و  دروستکردنى لێک تێگەیشتن بێت لە نێوان ئێران  و وڵاتانى کەنداو بەگشتى سعودیە بەتایبەتى، بەئامانجى کەمکردنەوەى ئاستى گرژى و ئاڵۆزیەکانى نێوان ئەو دوو وڵاتە کە لەم ساڵانەى دواییدائاستى ململانێکانى نێوانیان گەیشتوەتە ئاستێکى مەترسیدار و کاریگەرى تەواوى ناوچەکەش دروست کردوە.


                                                                                                                           عێراق دەیەوێت ببێتەوە بە ژمارەیەکى قورس

 

 ئەو دۆخەى دواى داگیرکردنى کوەیت لە دواین دەیەى روبەڕوى عێراق بوەوە، لە کۆمەلگەى نێودەوڵەتى دایبڕاند، لە دواى (2003)ش قەیرانە یەک لە دواى یەکەکان و ناجێگیرى بارى ئەمنى وسیاسى بە تەواوى عێراقى خستە پەراوێزەوە، ئێستا دواى سێ دەیە عێراق بەسەرکردایەتى مستەفا کازمى سەرۆک وەزیران هەوڵ دەدات لە رێگەى ئەم جموجۆڵە سیاسیانەوە خۆى بکاتەوە بە ژمارەیەکى بەهێز و رۆڵ ببینێت لەچارەسەر کردنى کێشەکانى ناوچەکە، بە پێچەوانەى (18) ساڵى رابردو کە وڵاتانى ناوچەکە کێشە ناوخۆییەکانیان بۆچارەسەر دەکرد.

 

لە دواین کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقدا مستەفا کازمى سەرۆک وەزیران رایگەیاند، کۆنگرەى  بەغدا دەبێتە لوتکەى هەوڵە دیپلۆماسییەکانى عێراق، کردوە.


ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەى کە کازمى دەیەوێت عێراق لە وڵاتێکى پڕکێشە و پەراوێزخراوەوە بباتە ئاستێک کە رۆڵى یەکلاکەرەوە لە چارەسەرکردنى کێشە و ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە ببینێت.

 

کۆنگرەى بەغدا وهەوڵى لێک نزیک کردنەوەى ئێران  وسعودیە (لەحاڵەتى سەرکەوتنیدا) باشترین دەرفەتە بۆ ئەوەى عێراق وەک وڵاتیکى بەهێز و خودى کازمیش وەک سەرکردەیەکى جیاواز و سەرکەتووى دواى ساڵى (2003) دەربکەوێت.


                                                                                                                             سعودییەکان گەشبین و ئێرانیەکانیش رەشبینن

کۆکردنەوەى بەرپرسانى وڵاتانى ناوچەکە بەتایبەتى ئێران و سعودیە لە دەورى مێزێک ئەگەرێکى بەهێزە،  بەڵام سەرکەوتنى کۆنگرەکە ئەگەرێکە هیچ لایەک ناتوانێت گرەنتى سەرکەوتنى بکات.

عەبدوڵا عەساف، شیکەرەوەى سیاسى سعودى، پێیوایە ئەنجامدانى کۆنگرەى بەغدا هەنگاوێکى ئەرێنیە بەتایبەتى لەم کاتەدا کە ناوچەکە بەدەست کۆمەڵێک قەیرانەوە دەناڵێنێت، کۆبونەوەى سەرکردەکانى وڵاتانى کەنداو وئێرانیش بە سەرپەرشتى سەرۆک وەزیرانى عێراق کە کەسایەتیەکى قبوڵکراوە لاى هەموو وڵاتانى ناوچەکە، بەهەمان شێوە هەنگاوێکى ئەرێنیە.

ئەو شیکەرەوە سیاسیە لەگەڵ ئەوەى کۆبونەوەى وڵاتانى ناوچەکە بەگرنگ دەزانێت، بەڵام پێوایە ئەوە چارەسەرى کێشە گەورەکە ناکات کە بریتیە لە خواستى تاران بۆ فراوانخوازى لەسەر حسابى وڵاتانى ناوچەکە.

 

بەپێچەوانەى شیکەرەوە سعودیەکە شیکەرەوەیەکى ئێرانى پێیوانیە کۆنگرەکەى بەغدا سەرکەوتووبێت  و پێیوایە تەنها نمایشە.

 

حسێن رویران رایگەیاند، کۆنگرەى لوتکەى بەغدا زیاتر نمایشە، بەڵام دەکرێت ببێتە وێستگەیەک بۆگۆڕینى شێوازى پەیوەندییەکانى نێوان وڵاتانى ناوچەکە.

ئەو شیکەرەوە سیاسیە پێیوایە کە کۆبونەوەى سەرکردەى وڵاتانى ناوچەکە لە دەورى مێزێک دەسکەوت نیە،  بەڵام کاتێک دەبێتە دەسکەوت کە هەنگاوى دیکە و لێکتێگەیشتنى بەدوادابێت.

بەپێى وتەى کەسێکى نزیک لە سەرۆک وەزیرانى عێراق، لەمساڵداعێراق میواندارى چەند کۆبونەوەیەکى تایبەتى نێوان ئێرانى وسعودییەکانى کردوە و ئاماژەى ئەرێنى لە هەردوولاشەوە پێشگەیشتوە بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان، بەپێى ئەم ئاماژەیە کۆنگرەى لوتکەى بەغدا  دەبێتە وێستگەیەکى نوێى پەیوەندییەکانى نێوان ریاز وتاران، بەڵام ئەوەى گرەنتى زیاترى ئەو بەرەو پێشچونە دەکات ئاستى بەشداریکردنى نوێنەرایەتى هەردوولایە لە کۆنگرەکەدا، ئەوەش یەکلایى نەبوەتەوە چونکە تائێستا دیارنیە ئێران لەسەر چ ئاستێکى دیپلۆماسى بەشدارى دەکات، بەڵام سعودیە ئەو بابەتەى یەکلایى کردوەتەوە لەسەر ئاستى وەزیرى درەوە بەشدارى دەکات، کە بە پێ وتەى عەبدوڵا عەساف بەشداریکردنەکە لە ئاستێکى باڵادایە.     

711 جار خوێندراوەتەوە