عێراق وەڵامی یەکێتی ئەوروپا دەداتەوە: ئێمە هانی هاوڵاتییەکانمان نەداوە کۆچ بکەن

KNN : Kurdish News Network
02:16 - 30/07/2021
عێراق

راوێکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لەوەڵامی یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بەو کۆچبەرانەی بە نایاسایی خۆیان دەگەیەننە لیتوانیا دەڵێت: "عێراق هانی هاوڵاتییەکانی نەداوە کۆچ بکەن".

 

 
لە بەیاننامەیەکی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەییدا هاتووە، عێراق هانی هاوڵاتییەکانی نادات کۆچبکەن، بەڵام هەندێک کەس لەلایەن قاچاخچی و باندی نایاساییەوە فریو دەدرێن و بڕیاری کۆچکردن دەدەن.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد تایبەت بە گەشتی یاسایی و وە بیلاروسیا بە یاسایی رێگەی بە هاوڵاتیان و گەشتیارانی عێراقی داوە گەشت بۆ وڵاتەکە بکەن و داخڵی ئەو وڵاتە ببن، لەسەر ئەو بنەمایەش عێراق ناتوانێت رێگە لە هاوڵاتیانی بگرێت بۆ هیچ وڵاتێک کاتێکی بە شێویەکی یاسایی گەشت دەکەن.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، دەبو یەکێتی ئەوروپا لەرێگەی نوێنەرەکانەوە لە بەغداد ئەو رونکردنەوەی بدایە، نەک تۆمەتێکی لەو جۆرە راستەوخۆ بخاتە پاڵ عێراق.

 

بە وتەی بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، نزیکەی دوو هەزار و (700) کۆچبەر، کە زۆربەیان خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانن، بە نایاسایی پەڕیونەتەوە سنووری لیتوانیای ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا.

 

 رۆژی پێنجشەممە یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، فشار دەخاتە سەر عێراق بۆ ئەوەی شەپۆلی کۆچبەران بۆ بیلارووس رابگرێت، کە دوای گەیشتنیان، لە سنووری ئەو وڵاتەوە بە قاچاخ دەبرێنە لیتوانیا.

1077 جار خوێندراوەتەوە