چەند بڕیارێک لە ئەنجومەنى وەزیرانەوە

KNN : Kurdish News Network
03:36 - 28/07/2021
کوردستان

لە کۆبونەوەى ئەمڕۆیدا، ئەنجومەنى وەزیران بڕیاریدا هەردوو قەزاى سۆران و زاخۆ بکرێن بە دوو ئیدارەى سەربەخۆ، جەختیشى کردەوە لە پێدانى موچە بەبێ پاشەکەوت و رێکخستنەوەى داهاتەکانى ناوخۆ.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنى وەزیران کۆبوەوە و چەند بڕیارێکى دەرکرد، بەپێى راگەیەنراوى کۆبونەوەکە، لە بڕگەی یەکەمدا سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران، تیشکیان خستە سەر هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ رێکخستنەوەی داهاتە ناوخۆییەکان ئەوەش بە ئامانجی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە کاری هەرە لە پێشینەی حکومەتە.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، راپۆرتێکی له‌بارەی دۆخی تەندروستی و زیادبوونی بەرچاوی کەیسەکانی تووشبوون  و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسى کۆرۆنا خستۆتەڕو و بڕیار دراوە لەسەر جێبەجێکردنى رێکار و بڕیارەکانى لیژنەى باڵاى روبەڕوبونەوەى کۆرۆنا، بەجۆرێک کە هاوسەنگی نێوان بژێو و کاری هاووڵاتیان و پاراستنی تەندروستییان رەچاو بکرێت.

لە بڕگەی سێیەمدا، دواى خستنەڕوى پێشنیارى سەرۆکى حکومەت کە هەردوو قەزای سۆران و زاخۆ لەبەر پێگەى گرنگى و بەرفراوانیان بکرێن بە ئیدارەی سەربەخۆ. ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لە سەر دروستکردنی ئیدارەی سەربەخۆ لە سۆران و زاخۆ و وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتە یەیوەندیدارەکانیشیان راسپارد کە رێکاری یاسایی و کارگێڕی پێویست بگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران.  

لەبارەى چەکى بێ مۆڵەتیشەوە، گفتوگۆى کرا لە بارەى تەشەنەکردنى ئەو دیاردەیە و گرتنەبەرى رێکارى یاسایى بۆ کۆتایهێنان بەو دیاردە مەترسیدارە و بڕیاردرا کە یاسایەکى تایبەت بە هەلگرتنى چەک قەدەغە بکرێت و مامەڵەى چەک لە بازاڕیش بەپێى هەمان یاسا رێکبخرێت.

هەروەک، وەزیرى سامانە سروشتییەکان و وەزیرە پەیوەندیدارەکان راسپێردران کە دەست بە ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتیان لە وەرزی زستان.

6922 جار خوێندراوەتەوە