سەرکردەى بزوتنەوەى تاڵیبان پەیامێک ئاراستەى وڵاتانى جیهان دەکات

KNN : Kurdish News Network
12:19 - 18/07/2021
جیهان

سەرکردەى بزوتنەوەى تاڵیبان جەخت لەچارەسەرکردنى ناکۆکیەکانى وڵاتەکەى لە رێگەى دیالۆگەوە دەکاتەوە، لەبارەى داهاتوى ئەفغانستانیشەوە دڵنیایى دەداتە وڵاتانى جیهان

هبەتوڵا ئاخونزادە، سەرکردەى بزوتنەوەى تاڵیبان لەپەیامێکدا کە بەبۆنەى هاتنەوەى جەژنى قوربان بڵاویکردوەتەوە، جەختى لە چارەسەرکردنى ناکۆکییەکانى وڵاتەکەى بە ڕێگەى سیاسى کردوەتەوە و لەو بارەیەوە رایگەیاندوە، لەبرى پشت بەستن بە بیانییەکان داوادەکەین کێشەکانى نێوانمان چارەسەر بکەین و نیشتیمانەکەمان رزگار بکەین لەقەیران.

ئەوەش لە کاتێکدایە رۆژى شەممە گەڕێکى دیکەى گفتوگۆ لە نێوان حکومەتى ئەفغانستان و بزوتنەوەى تاڵیبان لەقەتەر دەستیپێکردەوە، ئەوەش دواى ئەوەى چەکدارانى تاڵیبان بەشێکى زۆرى خاکى ئەفغانستانیان کۆنترۆڵ کرد.

لە بەشێکى دیکەى پەیامەکەیدا سەرکردەى تاڵیبان رایگەیاندوە، ئێمە سورین لەسەر گەیشتن بەچارەسەر لە رێگەى دانوستانەوە، بەڵام لایەنى بەرامبەر کات بەفیڕۆ دەدات.

لە دوابەشى پەیامەکەیدا سەبارەت بە داهاتووى وڵاتەکەى بەتایبەتى لەحاڵەتى دامەزراندنى میرنشینى ئیسلامى، سەرکردەى بزوتنەوەى تاڵیبان رایگەیاندوە، دەمانەوێت پەیوەندییەکى دیبلۆماسى و سیاسى و ئابورى بەهێزمان لەگەڵ سەرجەم وڵاتانى جیهان هەبێت بە ئەمەریکاشەوە.

راشیگەیاندوە، وڵاتانى دراوسێ و وڵاتانى جیهان دڵنیا دەکەینەوە کە رێگەنادەین خاکى ئەفغانستان بۆ دروستکردنى هەڕەشە لەسەر ئاسایشى وڵاتانى تر بەکاربهێنرێت.

3832 جار خوێندراوەتەوە