چۆن منداڵەکەت لە تیشکی خۆر دەپارێزیت

KNN : Kurdish News Network
08:58 - 15/07/2021
تەندروستی

ماوەیەكە كەش و هەوا زۆر گەرم بووە و پلەكانی گەرمی بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرزبونەتەوە، هۆشداری پسپۆڕانیش لەگەڵیدا زیاتربووە تاوەكو بەرككەوتنی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ تیشكی خۆی نەبێت، بەتایبەت بۆ منداڵان و بەساڵاچووان، چونكە ئەوە دەبێتە هۆی گەرما بردن و وشكبونەوە، ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی پێستیش زیاد دەكات.

 

 
پسپۆڕانی تەندروستی ئاشكرای دەكات، بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما لەهاویندا گرفتێكی زۆر بۆ منداڵان دروست دەكات، بەتایبەت لەڕووی سوتانەوەی پێست و وشكبونەوە، بۆیە چەند ئامۆژگارییەك دانراوە كە پێویستە دایكان و باوكان بۆ پاراستنی منداڵەكانیان پێوە پابەندبن.

 

باشترە لەم كاتانەدا بۆ پێویستی زۆر گرنگ نەبێت منداڵ نەبرێتە دەرەوە، بەتایبەت لە كاتژمێر یەك بۆ چواری دوای نیوەڕۆ، چونكە لەو كاتانەدا پلەی گەرما زۆر بەرزە.

 

یەكێك لە ئامرازەكان بۆ پاراستنی منداڵ لەكاتی بەردنە دەرەوەی بەكارهێنانی كڵاو یاخود چەترە، هەروەها باشترە جلەكانی لە لۆكە دروستكرابێت، ڕەنگی كاڵ و كراوەبێت، هەروەها بەردەوام بتڵێك ئاو هەبێت بۆ منداڵەكە، ئەمە جگە لە بەكارهێنانی دژە خۆری تایبەت بە پێستی منداڵ.

 

دوای گەڕانەوە منداڵەكە بۆ ماڵەوە دەبێت ڕاستەوخۆی جلەكانی دابكەنێت و بە ئاوێكی فێنك خۆی بشوات، مەرجیش نییە هەموو ڕۆژێك شامپۆ و سابون بەكارهێنرێت، بەڵكو هەفتانە دووجار زۆر باشە و ڕۆژەكانی دیكە تەنها بە ئاو خۆی بشوات.

 

خواردنەوەی شەربەتی سروشتیش زۆر گرنگە بۆ تەندروستی منداڵەكە شێداركردنەوەی پێستی هەروەها لە ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی دەیپارێزێت، بەتایبەت دوای خواردنی ژەمە خێراكان.

 

پسپۆڕەكان باسیان لەوە كردووە، نابێت منداڵ لە كەشی دەرەوە و لە شوێنی كراوەدا نان بخوات، بەتایبەت لە سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەكان ئەگەر پلەی گەرما بەرزبێت، چونكە ئەوە زیانی بۆی دەبێت.

 

بۆ ئەو منداڵانەش كە تەمەنیان خوار دوو ساڵە، دەبێت ڕۆژانە چەند جارێك دایبییەكەیان بۆ بگۆڕدرێت و ئەو ناوچەیەیان چەور بكرێت بۆ ئەوەی لە هەوكردن و كاریگەری گەرما پارێزراوبن.

344 جار خوێندراوەتەوە