کۆتایى یۆرۆى (2020) لە باوەشى وێمبڵی دا

KNN : Kurdish News Network
02:28 - 11/07/2021
وەرزش

ئەمشەو، یاریگاى وێمبڵى لە لەندەنى پایتەختى بەریتانیا. کۆتا دیمەنەکانى یۆرۆى (2020) لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەى ئازۆرى ئیتاڵیا و سێ شێرەکەى ئینگڵتەرا لەباوەش دەگرێت.

کاتژمێر (10:00)ى ئەمشەو بەکاتى هەرێمى کوردستان، یارى کۆتایى یۆرۆى (2020) لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەى ئینگڵتەراو ئیتاڵیا ئەنجام دەدرێت، کە تێیدا ساوز گێتى راهێنەرى سێ شێرەکە و رۆبەرتۆ مانشینى راهێنەرى ئازۆرى بۆ نوسینەوەى مێژوو کوڕەکانیان روبەڕوى یەکترى دەکەنەوە.

ئینگلتەرا، ناوێکى گەورەیە لە تۆپى پێدا و دەیان یاریزانى مەزن بە درێسى ئەو هەڵبژاردەیەوە بە دونیا ناسێنراون، بەڵام یەکەمجارە دەگاتە فەیناڵى یۆرۆ، ئەوەش دواى (55) ساڵ لە دواى بەدەستهێنانى مۆندیالى (1966) دەگەڕێتەوە سەر ستەیجى کۆتایى و لەگەڵ گەورەکان ناوى دێت.

ئینگڵتەرا، بەڕاهێنەرایەتى ساوزگێت و بە ئامادەبونى هارى کەین و رەحیم ستێرلینگ و فیل فۆدین و چەندین یاریزانى تر لەم گەشتەى یۆرۆى (2020)دا، ئاستێکى ناوازەیان پێشکەشکردووە و گەیشتونەتە کۆتایى بۆیە ئەوە ساتێکى مێژوییە و نایانەوێت لەدەستى بدەن.

هەرچى هەڵبژاردەى ئیتاڵیایە کە مانشینى راهێنەرایەتى دەکات و کیلینى و بۆنۆچى بەرگرى لێدەکەن و جۆرجینۆ ئاراستەى دەکات، دەیانەوێت بیسەلمێنن یەکێکن لە سەردارەکانى تۆپى پێ و نازناوێکى دیکە ببەنەوە بۆ ئیتاڵیا.

پێشتر هەڵبژاردەى ئیتاڵیا سێ جار گەیشتۆتە فەیناڵى ئەوروپا و دوو جار شکستى هێناوە و جارێکیش نازناوەکەى بردووە، بۆیە نایانەوێ شکستەکانیان لە یارى کۆتایى بکەن بەسێ.

هەردوو هەڵبژاردە، پێشتر (28) جار روبەڕوى یەکترى بونەتەوە، ئیتاڵیا بە بردنەوەى (11) یارى پێشەنگە و ئینگلیزیش لە هەشت یارى براوەبووە و هەردولاش لە نۆ یاریدا یەکسانبون.

212 جار خوێندراوەتەوە