موقتەدا سەدر، هۆشدارى دەداتە لایەنگرانى بۆ وەرگرتنى ڤاکسینى کۆرۆنا

KNN : Kurdish News Network
06:36 - 15/06/2021
عێراق

رێبەرى رەوتى سەدر، فەرمان بە شوێنکەوتوانى دەدات کە بە زوترین کات ڤاکسینى کۆرۆنا وەربگرن. هۆشداریش دەدات لە ئەگەرى وەرنەگرتنى ڤاکسین سزا دەدرێن.

ئەمڕۆ سێشەممە، نوسینگەى تایبەتى موقتەدا سەدر رێبەرى رەوتى سەدر، لەبارەى ڤاکسینى کۆرۆناوە پەیامێکى ئاراستەى شوێنکەوتوانى کرد و فەرماندەدات بە لایەنگرانى، بۆ پاراستنی سەلامەتی کۆمەڵگا و هاندانی هەموو تاکەکان، رو لە بنکەکانى تەندروستى بکەن بۆ وەرگرتنى ڤاکسینى کۆرۆنا.

هەروەک هۆشداریش دەدات بەسەرجەم ئەو کارمەندانەى لە دامەزراوەکانى سەدر ئیش دەکەن، لە ماوەى یەک مانگدا ڤاکسینى کۆرۆنا وەربگرن، بەپێچەوانەوە دەردەکرێن و هیچ کەسێکیش لەو فەرمانە بەدەرنیە.

ئەوە لە کاتێکدایە، پێشتر موقتەدا سەدر ڤاکسینى کۆرۆناى وەرگرت و دواتریش شوێنکەوتوان و لایەنگرانى بەلێشاو رویان لە ناوەندەکانى پێدانى ڤاکسین کرد بۆ وەرگرتنى ڤاکسینەکە.

بەپێى ئامارى وەزارەتى تەندروستى عێراق، تائێستا (699 هەزار و 531) کەس ڤاکسینی کۆرۆنایان لە جۆرەکانی (سینۆفارم، ئەسترازینیکا، فایزەر) پێدراوە.





216 جار خوێندراوەتەوە