خواردنی ماسی و گۆشت ئەگەری توشبون بە کۆرۆنا کەمدەکاتەوە؟

KNN : Kurdish News Network
06:35 - 15/06/2021
تەندروستی

ئەنجامی توێژینەوەیەكی پزیشكی كە لە شەش وڵات ئەنجامدراوە ئاشكرایدەكات، پشت بەستن بە سیستمی خواردنی تەندروستی ڕووەكی و گرنگیدان بە خواردنی ماسی، ئەگەر توشبوون بە كۆرۆنا بەشێوەیەكی مامناوەند و قورس كەمدەكاتەوە.

 
توێژینەوە لە گۆڤاری (BMJ Nutrition، Prevention & Health) بڵاوكراوەتەوە، باسی لەوەكردووە، پشتن بەستن بەو خواردنانە ئەگەری توشبوون بە كۆرۆنا و نەخۆشییە مەترسیدارەكانی دیكە لەڕێژەكانی 73% و 59% كەمدەكەنەوە.

پزیشكەكانی زانكۆی ستانفۆردی ئەمریكی، چاودێری دوو هەزار و (884) پزیشك و كارمەندی تەندروستیان كردووە كە لە هێڵی پێشەوەی ڕوبەڕوبونەوەی كۆرۆنادان، لە فەرەنسا و ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، بەریتانیا و ئەمریكا كاریانردووە.

لە توێژینەوەكەدا سیستمە خۆراكییە جیاوازەكان پێكەوە گررێدراون لەوانە سیستمی ڕووەكی، نیو ڕووەكی، دەوڵەمەند بە پرۆتین و كەم كاربۆهیدرات، واتە بەشێوەیەكی گشتی خواردنەكان لە سەوزە و پاقلەمەنی و چەرەسات، گۆشتی سور و مریشك بەبڕی كەم، لەگەڵ ماسی و خواردنە دەریاییەكان پێكهاتبوو.

 

لەكۆی ئەوانەی توێژینەوەكەیان لەسەر ئەنجامدراوە (568) كەسیان نیشانە سەرەتاییەكانی كۆرۆنایان لەسەر دەركەوتووە، لەبەرامبەردا دوو هەزار و (361) كەسیان هیچ نیشانەیەكیان نەبووە و ئەنجامی پشكنینەكەشیان پۆزەتیڤ بووە.

بەپێی ئەنجامەكان قورسی و سوكی نەخۆشییەكە لای ئەو كەسانە بەپێی سیستمی خۆراكیان گۆڕاوە، بەجۆرێك زۆرینەی ئەوانەی كۆرۆنایان بە سوكی گرتووە و زۆرینەیان هیچ نیشانەیان نەبووە لەوانەبوون كە خواردنی ڕووەكی و دەریایات خواردووە.

لەبەرامبەردا ئەوانەی گۆشتیان خواردووە نیشانەكان لەسەریان زیاتربووە، هەروەها ئەگەری توشبونیان بە کۆرۆنا زیاتر هەبووە.

سەبارەت بەوانەی گرنگیان بە خواردنی پڕ پرۆتین داوە، كە بە زۆری لە گۆشتدا هەیە، توێژینەوەكە باسی لەوەكردووە چوار هێندە ئەگەری هەبووە كۆرۆنا بە قورسی بگرن.

هۆكاری ئەو پەیوەندییەی سیستمی خۆراكی بە قورسی و سوكی نەخۆشی كۆڤید 19وە، دەوڵەمەندی سیستمی ڕووەكی بە ماددەكانی پۆلۆفینۆڵ، كارۆتینات، ڤیتامین و كانزكان، هەروەها بونی بڕێكی زۆر لە ڤیتامین دی و ترشە چەوری ئۆمیگا سێ لە ماسیدا، ئەوانەش كاریگەریان لە ڤایرۆسەكە هەیە.

406 جار خوێندراوەتەوە