ئیرکسن، لەگەڵ دایکى و ژنەکەى قسەى کردووە

KNN : Kurdish News Network
09:09 - 12/06/2021
وەرزش

لە یارى نێوان دانیمارک و فنلندا، کریستیان ئێرکسن یاریزانى دانیمارکى بێ هیچ بەرکەوتنێک لە گۆشەیەکى یاریگادا بەربوەوە و لەهۆشخۆى چوو.

لە درێژەی دەستپێکى یارییەکانى یۆرۆ، لە خولەکى (41)ى گێمى یەکەمى یارى نێوان هەردوو هەڵبژاردەى دانیمارک و فنلندا، روداوێکى نەخوازرا و غەمگین رویدا، کاتێک کریستیان ئیرکسنى دانیمارکى بەبێ هیچ بەرکەوتنێک کەوتە سەر یاریگا و لەهۆشخۆی چوو.

دواتر تیمى پزیشکى هاتە ناو یاریگا و چارەسەرى سەرەتایى " هەناسەدان و بوژانەوەى دڵ"یان بۆ ئیرکسن کرد، ئەوەش وەک ئەوەى لە دیمەنەکاندا دەردەکەوت.

لەو ساتەدا یاریزانانى هەردولا و هاندەران لە ناو یاریگادا دڵتەنگ و چاولە فرمێسک بوون، خێزانەکەى ئیرکسن خۆى پێنەگیرا و لە ناو هاندەرانەوە هاتە ناو یاریگا بۆ زانینى هەواڵى هاوسەرەکەى.

دواى چارەسەرى سەرەتایى، ئیرکسن بەرەو نزیکترین نەخۆشخانەبرا، لە کاتى گواستنەوەیدا چاوەکانى هەڵێنا و بە وێنەیەک دڵنەوایى هەمووانى کرد.

بەپێى دواین هەواڵ، ئیرکسن لە مەترسى گیانلەدەستدا رزگارى بووە و لە ئێستاشدا پشکنینى پێویستى بۆ دەکرێت.

فابریزۆ رۆمانۆ رۆژنامەنوسى متمانەپێکراوى ئیتاڵى ، لە زارى ئامۆزاکەى ئیرکسنەوە بڵاوى کردۆتەوە کە ئیرکسن سەلامەتە و قسەى لەگەڵ دایکى و ژنەکەى کردووە، ئەم هەواڵە راهینەرى دانیمارکیش لە تویتێکدا پشتڕاستى کردۆتەوە.


بەهۆى ئەو روداوەوە، یەکێتى تۆپى پێى ئەوروپا یارییەکەى نێوان دانیمارک و فنلنداى دواخست، بەڵام بڕیارە هەر لەمشەودا و لە کاتژمێر (9:30) خولەک یارییەکە تەواو بکرێت.

 

ساتى هاتنەناوەوەى خێزانەکەى ئیرکسن بۆ زانینى هەواڵى تەندروستى هاوسەرەکەى



408 جار خوێندراوەتەوە