دەمەقاڵێیەک، یادى هاوسەرگیرییەک بۆ شانۆى تاوان دەگۆڕێت

KNN : Kurdish News Network
09:09 - 04/06/2021
جیهان

دادگاى ئەمەریکا سزاى (30) ساڵ زیندانى بەسەر پیاوێکدا سەپاند کە لە یادى رۆژى هاوسەرگیرییەکەیان و بەبەرچاوى سێ کچەکەیەوە بەشێوەیەکى دڕندانە ژنەکە کوشتووە.

بەپێى راپۆرتێک کە رۆژنامەى دەیلى مەیل بڵاوى کردۆتەوە، ژن و پیاوێک بۆ یادکردنەوەى رۆژى هاوسەرگیریان گەشتێک بەسەر دەریاوە لە رێگەى کەشتییەکى گەشتیارییەوە ئەنجام دەدەن، بەڵام لەناو کەشتییەکەدا ژن و پیاوەکە دەبێت بەشەڕیان.

روداوەکە بەشێوەیەک بووە، کە کێنێس مانزانیرە لە گەشتەکەیاندا لەگەڵ ژنەکەى دەبێت بە دەمەقاڵێیان و داواى جیابونەوەى لە ژنەکەى کردووە، بەڵام ژنەکە شۆک بووە و رەتى کردۆتەوە. دواتر لێیان بووە بەشەڕ و پیاوەکە بەشێوەیەکى دڕندانە و بەبەرچاوى گەشتیاران و سێ کچەکەیەوە تا مردن لە هاوسەرەکەیداوە.

ئەوەى جێگەى سەرنجە لە کاتى شەڕى نێوان ئەو ژن و مێردەدا گەشتیارانى نێو کەشتییەکە وەک گاڵتەو گەپێک لە روداوەکەیان روانیوە، چونکە بەپێى پڕۆتۆکۆڵى گەشتەکە لەو گەشتەدا روداوێک رودەدات کە (نهێنى مردن)ى تێدایەوە. بۆیە سەرنشینانى کەشتییەکە پێیان وابووە ئەوەى رودەدات بەشێکە لەو روداوەى کە وەک گاڵتەو گەپ بۆ گەشتەکە ئامادەکراوە.

روداوەکە چوار ساڵ پێش ئێستا رویداوە، بەڵام لەو ماوەیەدا کەیسەکە لە دادگا بووە، تا ئەوەى دادگا بڕیاریدا بە (30) زیندانى بۆ کێنیس مانیرەى تەمەن (43)، بەهۆى کوشتنى دڕندانەى ژنەکەى.

3434 جار خوێندراوەتەوە