ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرە و یەک ملیۆن دۆلار ببەرەوە

KNN : Kurdish News Network
09:41 - 13/05/2021
تەندروستی

بەرپرسێکی ئەمەریکی پێشبڕکێیەک بۆ بردنەوەی یەک ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی رادەگەیەنێت، وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆناش دەکاتە مەرجی بەشداریی کردن.

بەمەبەستى هاندانی دانیشتوانی ویلایەتەکەی بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا، حاکمی ویلایەتی ئۆهایۆی ئەمەریکا پێشبڕکێیەکی یاری بەختی بە بڕی یەک ملیۆن دۆلار راگەیاند، مەرجی سەرەکییش بۆ بەشداربوان وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنایە.

ئەو کەسانەی مافی بەشداریی کردنیان هەیە، دەبێت تەمەنیان سەرو (18) ساڵ بێت و دانیشتوانی ویلایەتی ئۆهایۆ بن، لایەنی کەم ژەمی یەکەمی ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنایان وەرگرتبێت.

مایک دیواین حاکمی ویلایەتی ئۆهایۆ، کە سەر بە پارتی کۆمارییەکانە رایگەیاند: هەندێک کەس بە شێتم دەزانن، چونکە ئەنجامدانی یارییەکی بەخت بە بڕی یەک ملیۆن دۆلار بە کارێکی سەرەڕۆیی و سەرکێشیانە و بەهەدەردانی سامان دەزانن، بەڵام بەفیڕۆدانی راستەقینە لەم سەردەمەدا گیانلەدەستدانی هاوڵاتیانە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەکاتێکدا ڤاکسینی کۆرۆنا بێبەرامبەر بۆ هەمو هاوڵاتیان دەستەبەر کراوە.

بڕیارە رۆژی (26)ی ئەم مانگە تیروپشکی یاری بەختەکە رابکێشرێت و براوەی خەڵاتەکە دیاری بکرێت. پارەی تەرخانکراویش لەسەر بودجەی فیدراڵی ئەمەریکایە کە بۆ روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا تەرخانکراوە.

بڕیارە پێشبڕکێیەکی دیکەی هاوشێوە رابگەیەندرێت بۆ کەسانی خوار تەمەن (18) ساڵ، خەڵاتەکەش دابینکردنی کرێی چوار ساڵی خوێندنە لە یەکێک لە زانکۆکانی ئۆهایۆ، ئەوەش تێچویەکی زۆرە بەهۆی ئەوەی کرێی خوێندن لەو ویلایەتەی ئەمەریکا زۆرە.

رۆژی دوشەممەی رابردو دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا بە فەرمی رێگەی بە بەکارهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنای فایزەر/ بایۆنتیک بۆ کەسانی تەمەن (12 – 15) ساڵ.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تائێستا (58.7%)ی کەسانی پێگەیشتو ژەمی یەکەمی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتوە.

3671 جار خوێندراوەتەوە