پێڵاوی زیرەك بۆ یارمەتیدانی كەسانی نابینا

KNN : Kurdish News Network
10:17 - 09/05/2021
زانستی

كۆمپانیایەكی نەمسایی جۆرە پێڵاوێكی زیرەكی دروستكردووە، یارمەتی كەسانی نابینا و چاوكز دەدات، ئەوەش لەڕێی بونی هەستەوەرێكی شەپۆلی سەرو دەنگ كە بە پێڵاوەكەوە نوساوە.

 

 
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی ئۆدێتی سێنتراڵ پێڵاوە زیرەكەكە ناوی "ئینۆماك"ە، پێشبینی دەكرێت ببێتە جێگرەوەی ئەو گۆچانەی ملیۆنان كەسی نابینا چەندین ساڵە بەكاریدەهێنن، بۆ ئەوە ڕۆشتنیان لەناو خەڵكی و شوێنە گشتییەكان بۆ ئاسان بكات.

 

ئەو هەستەوەرەی بەپێڵاوەكەیە بەربەستەكان دیاری دەكات و بە لەرزینێك ئەو كەسەی پێڵاوەكەی لەپێدایە ئاگادار دەكاتەوە لەوەی شتێكی لەبەردەمدایە، هەروەها بە بلوتوس بە ئامێری مۆبایلی زیرەكی كەسەكەوە بەستراوە، لەڕێی دەنگەوە ئاگاداری دەكاتەوە.

 

ماركۆس ڕاڤەر بەڕێوبەری كۆمپانیاكە كە خۆی نابینایە دەڵێت "ئەو ئامێری هەستەوەرەی بە پێشی پێڵاوەكەوە، پێش چوار مەتر كەسەكە لە تەنەكەی بەردەمی لەڕێی لەرزین و دەنگەوە ئاگادار دەكاتەوە" لەبارەی ئەزمونی خۆشیەوە ئاماژە بەوە دەكات "زۆر بەباشی كاردەكات و یارمەتییەكی زۆری داوم".

 

ئەو كۆمپانیای پەرەی بە پێڵاوەكە داوە بەوەوە نەوەستاوە، دەیەوێت بیبەستێتەوە بە تەكنیكی زیرەكی دەستكرد، بۆ ئەوەی جۆر و سوروشتی ئەو تەن و بەربەستانە دیاری بكات كە دێتە بەردەم كەسەكە.

 

كۆمپانیای ئینۆماك ڕێكەوتنێكی هاوبەشی و هاوكاری لەگەڵ زانكۆی گراتسی تەكنەلۆجی واژۆ كردووە بە مەبەستی گەشەپێدانی زیاتری پێڵاوەكە، بەتایبەت لەڕووی لۆگاریتمی فێركردن بۆ تۆڕەی زانیارییەكان دەگەیەنێت، تاوەكو بەربەستەكان جیابكاتەوە ئایا دیوارە، ئۆتۆمبیلە یاخود چاڵ و قادرمە و هەر بەربەستێكی دیكەیە.

 

پێڵاوەكە دژە ئاوە و ئێستا دەتوانرێت لەڕێی ماڵپەڕی كۆمپانیاكەوە جوتێكی بە بڕی 3200 یۆرۆ (3850 دۆلاری ئەمریكی) بكڕدرێت، بەڵام ئەمە كامێرای لەگەڵدا نییە، چونكە لەئێستادا سەرقاڵی جێبەجێكردنی دانانی كامێران بۆ پێڵاوەكە.

 

هەنگاوی داهاتوو بریتی دەبێت لە دروستكردنی نەخشەیەك لەڕێی ئەو زانیاریانە پێڵاوەكە كۆیدەكاتەوە و ئاگاداركردنەوەی كەسەكە بۆ ڕۆشتنی بەپێی ئەو نەخشەیە.

348 جار خوێندراوەتەوە