نزیکەى (400) هاوڵاتى عێراقى لەهیندستانەوە گەڕێنرانەوە

KNN : Kurdish News Network
10:42 - 03/05/2021
عێراق

نزیکەى (400) هاوڵاتى عێراقى کە بەهۆى راگرتنى گەشتە ئاسمانیەکان و تەشەنەسەندنى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە هیندستان گیریان خواردبوو لە رێگەى هێڵى ئاسمانى عێراقەوە گەڕێنرانەوە.

دەسەڵاتى فرۆکەوانى مەدەنى عێراق، بڵاویکردەوە، یەکەم کاروانى ئەو هاوڵاتیە عێراقیانەى لە هیندستان گیریان خواردبوو لە رێگەى فرۆکەخانەى بەغداوە گەیشتنەوە عێراق.

لەلایەکى ترەوە کیفاح حەسەن بەرێوەبەرى هێڵى ئاسمانى عێراق رایگەیاند، ئەو هاوڵاتیەى کە لە هیندستانەوە گەڕێنراونەتەوە ژماریان (399) کەسە، دواى گەیشتنیشیان بۆ فڕۆکەخانەى بەغدا، بۆ ئەوشوێنانە دەگوازرێنەوە کە وەزارەتى تەندروستى بۆى دیارى کردوون.

گەڕاندنەوەى ئەو هاوڵاتیە عێراقیانە لەکاتێکدایە، بەهۆى تەشەنەکردنى ڤایرۆسى کۆرۆنا لەهیندستان، لە رۆژى (27) ى نیسانى رابردوو عێراق گەشتە ئاسمانییەکانى لەگەڵ هیندستاندا راگرت.

چەند رۆژێک لەمەوبەریش ئەو هاوڵاتیە عێراقیانە کە زۆربەیان بە مەبەستى چارەسەرى نەخۆشى روویان لە هیندستان کردبوو، داوایان لە حکومەتى عێراق کرد بەهانیانەوە بچێت و بیانگەڕێنیتەوە بۆ عێراق.

251 جار خوێندراوەتەوە