پزیشکانى هیندستان حکومەتى وڵاتەکەیان تۆمەتبار دەکەن لە بەرزبونەوەى ژمارەى توشبوانى کۆرۆنا

KNN : Kurdish News Network
08:37 - 01/05/2021
جیهان

زانایانی ‌بواری ته‌ندروستی هیندستان باس لە کەمتەرخەمى حکومەتى وڵاتەکەیان دەکەن لە پرسى روبەڕوبونەوەى کۆرۆنا و دەڵێن: حکومەت گوێى بە هۆشدارییەکان نەداوە.

ئاژانسی هەواڵى رۆیته‌رز بڵاویکردەوە، ژماره‌یه‌ك زانا و راوێژكاری ته‌ندروستی ووڵاتى هیندستان پانێڵێکیان له‌باره‌ی پرسی كۆرۆنا و مه‌ترسی و رێگرییه‌كانی و چۆنییەتى روبەڕوبونەوەى سازکردوە، بەپێى ئەنجامى پانێڵەکە زانا پزیشکییەکانى هیند هاوڕابوون کە حکومەتى وڵاتەکەیان کەمتەرخەم بووە و لە پرسى روبەڕوبونەوەى کۆرۆنادا لاوازى نواندووە.

پزیشکەکان رایانگەیاندووە، دواى دەرکەوتنى جۆرێکى نوێى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە وڵاتەکەیان هۆشداریانداوە بە حکومەت، بەڵام حکومەت گوێى بۆنەگرتون و هۆشدارییەکەى بەلاوە گرنگ نەبووە.


ئەو پزیشکانە باسیان لەوەشکردووە، لە کۆڕ و کۆبونەوە سیاسییەکانى پارتە سیاسییەکانى وڵاتەکەشیان بەتایبەت کۆبونەوەى سەرۆک وەزیران هەزاران کەس بەشداربون و رێکارەکانى خۆپارێزى نەگیراوەتەبەر.

لە ئێستادا هیندستان بە دۆخێکى سەختدا تێدەپەڕێت لە بڵاوبونەوەى کۆرۆنا و رۆژانە نزیکەى (400) هەزار کەس توشى کۆرۆنا دەبن و جۆرێکى نوێى ڤایرۆسەکەش کە بە جۆرى هیندى ناسراوە بڵاوبۆتەوە و خێرایى گواستنەوەى نەخۆشییەکەى (40) جار زیاترە لە جۆرەکانى دیکە.

429 جار خوێندراوەتەوە