جڤاتی نیشتیمانی گۆران تاوتوێی په‌یكه‌ری ڕێكخراوه‌یی گۆڕان ده‌كات

11:31 - 12/07/2018
کوردستان

كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەستیپێكرد

كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی دوو تەوەر لەخۆدەگرێت
تەوەری یەكەم تایبەت بەئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان
تەوەری دوەم دەبێت بەگفتوگۆكردن لەبارەی پەیكەری رێكخراوەیی گۆڕان


بەسەرپەرشتی عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی دەستیپێكرد‌و گفتوگۆ دەكرێت لەبارەی دو تەوەرەوە.

پەیامنێری KNN رایگەیاند: ئەو دو تەوەرەی لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت بریتییە لە هەنگاوە كردارییەكانی خۆئامادەكردن بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی هەرێمی كوردستان كە بڕیارە كۆتایی مانگی ئەیلول بەڕێوەبچێت لەگەڵ پەیكەری رێكخەری بزوتنەوەكەوە.

سەبارەت بەئامادەكارییەكانی هەڵبژاردن، جڤاتی نیشتمانی گفتوگۆ دەكات لەبارەی راسپاردەكانی جڤاتی گشتی.

لەو بارەیەوە جڤاتی نیشتمانی بڕیاردەدات لەبارەی پێكهێنانی لیژنەی باڵای كەمپینی هەڵبژاردن. لەبارەی لیستی كاندیدەكانیشەوە، جڤاتی نیشتمانی بڕیاردەدات لیژنەیەك بۆ دیاریكردنی كاندیدەكان پێكبهێنرێت كە ئەندامانی لیژنەكە لەسەر بنەمای پسپۆڕی‌و لێهاتوی دیاری دەكرێت.

تەوەری دوەمی كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی تایبەت دەبێت بەگفتوگۆكردن لەبارەی رێكخستنەوەی پەیكەری رێكخراوەی بزوتنەوەی گۆڕان‌ و ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان كە بڕیارە ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

830 جار خوێندراوەتەوە