ads top

په‌رله‌مان پرۆژه‌ یاساكه‌ی گۆڕانی له‌باره‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌سه‌ندكرد

09:42 - 11/07/2018
کوردستان

په‌رله‌مانی كوردستان پرۆژه‌ یاساكه‌ی گۆڕانی له‌باره‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌سه‌ند كرد، كه‌ تیایدا كاركردن به‌ یاسای دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌رده‌وام ده‌بێت و خوولی پێنجه‌می په‌رله‌مانیش پابه‌ند كراوه‌، كه‌ له‌ یه‌كه‌مین وه‌رزی گرێدانیداو له‌ ژێر رۆشنایی بنه‌ما گشتیه‌كانی ده‌ستوور بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بدات.

له‌ دانیشتنی ژماره‌ شه‌شی ئاسایی خۆیدا، په‌رله‌مانی كوردستان پرۆژه‌ یاساكه‌ی گۆڕانی له‌باره‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌سه‌ند كرد.

بێجگه‌ له‌ فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كانی تر ده‌نگیان له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌ی‌ گۆڕان داو، به‌ پێویستیان زانی ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ بدرێته‌ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان و ده‌سه‌لاَته‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌ دابه‌شكراوی بمێنێته‌وه‌.

كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌ڵێت: ده‌بێت سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ نێو په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێرێت و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیش پێی باشه‌ 30ی ئه‌یلوول هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی هه‌رێم و پارێزگاكان پێكه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ بچن.

به‌پێی پرۆژه‌ یاساكه‌، كاركردن به‌ یاسای دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم ژماره‌ 2ی ساڵی 2017 به‌رده‌وام ده‌بێت و خوولی پێنجه‌می په‌رله‌مانیش پابه‌ندكراوه‌، كه‌ له‌ یه‌كه‌مین وه‌رزی گرێدانیداو له‌ ژێر رۆشنایی بنه‌ما گشتییه‌كانی ده‌ستوور بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بدات، هه‌روه‌ها هه‌ر له‌و یاسایه‌دا دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌ستراوه‌ به‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم.

769 جار خوێندراوەتەوە