وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەبارەى زیاد بوونی حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتنەوە رونکردنەوە دەدات

KNN : Kurdish News Network
11:56 - 19/04/2021
کوردستان

وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشکرایکرد، هۆکاری زیاد بوونی حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ بەکار هێنانی سۆشیاڵ میدیا و نەگونجان و کێشەى خێزانى، هەروەک پێى وایە،  روماڵى بەشێک لە دەزگاکانى راگەیاندن بۆ ئەو کەیسانە گونجاو نیە.

سەرکەت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیایی (KNN)ی راگەیاند: زیاد بوونی حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان بەگشتی و لە پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی خێزانی و نەگونجان لە نێوان هاوسەرەکاندا.

لەبارەی حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە ناو کچەکاندا سەرکەوت ئەحمەد ئاشکرایکرد، سۆشیاڵ میدیا یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی خۆکوشتن لە ناو کچاندا ئەوەش بەهۆی هەڕەشەى بڵاوکردنەوەى وێنە و پەیوەندییە تایبەتییەکانیان.

لەبارەی شێوازی روماڵکردنی دەزگاکانی راگەیاندنەوە بۆ حاڵەتەکانى کوشتن و خۆکوشتن، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی باسى لەوەکرد، شێوازی روماڵکردنی بەشێک لە دەزگاکانی راگەیاندن گونجاو نیە، پێویستە دەزگاکانی راگەیاندن پەلە نەکەن لە بڵاوکردنەوەی ئەو زانیارییانەى کە کاریگەرى لەسەر رەوتى لێکۆڵینەوە جێدەهێڵن.

هاوکات ئاماژەى بەوەکرد، هەواڵەکانی کوشتن و خۆ کوشتن پێویستە تەنها بەشێوەیەکی ژێر نوس لە دەزگاکاندا پەخش بکرێت بۆ ئەوەی هانی خەڵکی دیکە نەدات بۆ ئەنجامدانی  ئەو کارە و بابەتەکە گەورە پیشان نەدرێت.

ئەوە لەکاتێکدایە، لەماوەی چەند ڕۆژ ڕابردودا ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان زۆر زیادی کردوە، کە تەنها لەماوەی (24) کاتژمێری رابردودا  ژنێکی تەمەن (20) ساڵان لە گەرمیان خۆی خنکاند و ژنێکیش لە قەزای سەیدسادق بە چەقۆ هاوسەرەکەی خۆی کوشت، کچێکی تەمەن (20) ساڵانیش لە کەرکوک بە هۆکارێکی نادیار بە گولـلە کۆتای بەژیانی خۆی هێنا و شەوى رابردوش لە گوندى ژاڵەى سلێمانیش ژنێکى تەمەن (19) ساڵ خۆى خنکاند.

706 جار خوێندراوەتەوە