ads top

KNN دیدی گۆڕان بۆ پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بڵاو ده‌كاته‌وه‌

09:22 - 11/07/2018
کوردستان

پرۆژه‌كه‌ی گۆڕان بۆ پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم په‌سه‌ند كرا 

پرۆژه‌كه‌ی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بۆ پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم په‌سه‌ند كرا، به‌پێی یاساكه‌ش ده‌بێت خولی داهاتووی په‌رله‌مان له‌ ژێر رۆشنایی ده‌ستور بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نوسی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بدات KNN له‌م راپۆرته‌دا دیدی بزوتنه‌وه‌كه‌ بۆ ئه‌و پرسه‌ ده‌خاته‌ڕوو.

یه‌كێتی و پارتی له‌ چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی ستراتیژی كه‌ بۆ دابه‌شكردنی پۆست و داهاتی كوردستان ساڵی 2004  واژۆیان كرد، یاسای ژماره‌ی یه‌كی ساڵی 2005 یان ده‌ركرد، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عێراق، ئه‌و كاته‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ نوسینێكی دووردرێژدا لایه‌نه‌ خراپه‌كانی یاساكه‌ی شیكرده‌وه‌، به‌ڵام به‌رژوه‌ندی حیزبی كه‌وته‌ پێش به‌رژوه‌ندی گشتی و مه‌سعود بارزانی، به‌ پشتیوانی یه‌كێتی و به‌ ده‌سه‌ڵاتێكی فراوانه‌وه‌ بووه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان.

دوای دروستبوونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، یه‌كه‌م كاری بزوتنه‌وه‌كه‌ گۆڕینی سیستمی حوكمرانی و جێگیر كردنی سیستمێكی په‌رله‌مانی بوو له‌ بری سیستمی سه‌رۆكایه‌تی.

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پێیوایه‌ له‌ هه‌رشوێنێك ده‌سه‌ڵات هه‌بوو پێویسته‌ لێپرسینه‌وه‌ش هه‌بێت، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا داوایكرد سه‌رۆك له‌ په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت و له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ چاودێره‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ چاودێری بكرێت، به‌ڵام به‌پێی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتێكی فراوانی هه‌یه‌، كه‌چی هیچ دامه‌زراوه‌یه‌ك مافی ئه‌وه‌ی نیه‌ لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بكات.

گۆڕان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پرۆژه‌یه‌كی بۆ هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم پێشكه‌ش كرد، به‌ڵام دواتر پارتی به‌ پرۆژه‌كه‌ رازی نه‌بوو و به‌هۆیه‌وه‌ په‌رله‌مانی كوردستانی په‌كخست یه‌كێتیش چاوپۆشی له‌ هه‌نگاوه‌كه‌ی  هاوپه‌یمانه‌كه‌ی كرد.


دواتر به‌پێی یاسای ژماره‌ 2ی ساڵی 2017 له‌ 29/10/2017  ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێم دابه‌شكراون، رۆژی چوارشه‌ممه‌ 11ی ته‌موزی ساڵی 2018ش پرۆژه‌كه‌ی گۆڕان بۆ پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم په‌سه‌ند كرا و بوو به‌ یاسا.

دیدی گۆڕان بۆ پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم په‌یوه‌ندی به‌ شه‌خس و كه‌سه‌كانه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌ رێگریه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی زۆر لای كه‌سێك، گۆڕان پێی باش بووه‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ریش بمێنێت ده‌سه‌ڵاتێكی ته‌شریفاتی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی سیستمی حوكمڕانی هه‌رێم په‌رله‌مانی بێت و دامه‌زراوه‌كان له‌ ژێر چاودێریدان بن، له‌ خولی داهاتوودا فراكسیۆنی گۆڕان به‌ كه‌متر له‌ سیستمی په‌رله‌مانی رازی نابێت.

 ئه‌گه‌ر پارتی پرسه‌كه‌ی په‌یوه‌ستكرد به‌ ده‌ستوری هه‌رێمه‌وه‌، ئه‌وه‌ به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بۆ پرسی ده‌ستور له‌سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تی یوسف محه‌مه‌د، ده‌رچووه‌ پڕۆژه‌ ده‌ستوری پێشووی هه‌رێم كه‌ یه‌كێتی و پارتی ساڵی 2009 به‌ 96 ده‌نگ تێیان په‌راند هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌و  په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌ی ده‌ستوری نوێ پێویستی به‌ دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان هه‌یه‌، به‌وه‌ش یه‌كێتی و پارتی ناتوانن به‌بێ لایه‌نه‌كانی تر ده‌ستور تێپه‌رێنن.

به‌پێی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی كه‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووش بۆ ده‌ستور پێشكه‌شی لیژنه‌ی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوریان كردووه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم زۆر به‌ڕوونی هاتووه‌(سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ دوو خول بۆی هه‌یه‌ له‌ پۆسته‌كه‌ی بمێنێتـه‌وه‌ به‌پێی ئه‌م ده‌ستوره‌ و یاسا كارپێكراوه‌كانی تر) ئه‌وه‌ش زۆر ڕوونه‌ كه‌ گۆڕان به‌دیدێكی نیشتمانی سه‌یری ئه‌و پرسه‌ ده‌كات و نایه‌وێت تا یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌موار نه‌كرێته‌وه‌ هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌و پۆسته‌ بكرێت. 

خۆ ئه‌گه‌ر پرسه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ هاتنه‌ مه‌یدانی گۆڕانه‌وه‌ هه‌بێت، ئه‌وه‌ خه‌ڵكی كوردستان باش ده‌زانێت ساڵی رابردوو كاتێك بڕیاردرا هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی بكرێت بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان تاكه‌ لایه‌نی سیاسی هه‌رێم بوو كه‌ كاندیدی بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌بوو كه‌ محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم بوو.

702 جار خوێندراوەتەوە