فشارەكانی هەردوو وڵاتی ئێران و ئەمریكا بۆ سەر هێزو لایەنە سیاسیەكانی عێراق بەردەوامە

09:06 - 11/07/2018
کوردستان

هاوڵاتیەكی بەغدایی: ئێران و ئەمریكا بەهۆی بەرژەوەندییەكانیانەوە دەست لە عێراق هەڵ ناگرن
چاودێرێكی سیاسی: بەهۆی دۆخی ناوخۆییەوە دەستوەردانەكانی ئێران كەمتر بۆتەوە

فشارەكانی ئێران و ئەمریكا بۆ سەر هێزو لایەنە سیاسیەكانی عێراق بەر لە دروستكردنی حكومەتی نوێی عێراق بەردەوامەو، بەشێكیش لە هاوڵاتیان بۆچونیان وایە هەریەكە لەم دوو وڵاتە بەرژەوەندی خۆیان لە عێراقدا دەوێت و دەیانەوێت سیاسەتەكانی خۆیان پەیڕەو بكەن.

بەبڕوای چاودێرێكی سیاسی عێراقیش لە ئێستادا بەهۆی كێشە ناوخۆیەكانی ئێرانەوە دەستێوەردانەكانی ئەو وڵاتە لە عێراق كەمتر بۆتەوە.

هەردوو جەمسەری ئەمریكا و ئێران جموجۆڵەكانیان زیاتر دەكەن بۆ رۆڵبینیان لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق لەسەر ئاستی هەرێمی ئێران بە پلەی یەكەم و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ئەمریكا زۆرترین پەنجەی ئاماژەیان بۆ درێژ دەكرێت كە دەیانەوێت ئەو نەخشەیە جێبەجێ بكرێت كە خۆیان دەیكێشن، بەشێك لە هاوڵاتیانیش بۆچونیان وایە هەریەكە لەم وڵاتانە بەرژەوەندیە تایبەتیەكانیان وایان لێدەكات دەست لە عێراق هەڵ نەگرن و ئەو سیاسەتە پەیڕەو بكرێت كە دەیانەوێت.

 ئەو لیست و هێزانەی لە ئێرانەوە نزیكترن زیاتر ئەو لیستانەن، كە شیعە مەزهەبن، بەڵام لە دوای هاتنی چەكدارەكانی داعشیەوە سونەكانیش هەروەك ناوچەكانیان پەرتەوازە بوون.

وتەبێژی لیستی هاوپەیمانی عێراقیە بەبێ پێچ و پەنا دەلێت: هیوای كەمككردنەوەی دەستوەردانە هەرێمیەكان دەخوازن، چونكە پێشتر عێراق ببووە گۆڕەپانی  سەپاندنی ویستی وڵاتە هەرێمایەتیەكان.

بەهۆی هاومەزهەبیەوە، زۆرترین قسە لەبارەی هەژموونی ئێرانەوە دەكرێت ‌و لە رابردووشدا پشكی شێری دەستوەردانەكانی لە عێراق پێبەخشراوە، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەو بارو دۆخەی لە ئێران دروست بووە، چاودێرێكی سیاسی دەڵێت: ئێستا دەستوەردانەكانی ئەو وڵاتە كەمتر بۆتەوە.

 لە دوای عێراقی 2003ەوە ئەمریكاو  وڵاتانی هەرێمی و  پێكهاتە سەرەكیەكانی عێراق هەمیشە ململانێی بەهێز لە نێوانیاندا هەبو‌وە بۆ ئاراستەكردنی حكومەت و حكومڕِانی لەو وڵاتە، هاوڵاتیانیش هەمیشە خۆیان بە قوربانی یەكەمی ئەو ململانێیانە دەزانن.

"دوای ئەو دەنگۆیانەی دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دروست بوون، بە دڵنیاییەوە فشار لەلایەن وڵاتانی دراوسێی عێراق و وڵاتانی تر هەیە، دیارترین یاریكەرەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی ویلایەتە یەكگرتووەكان و كۆماری ئیسلامی ئێرانن، ئەمریكا بەرژوەندی لە عێراق هەیە، هەروەها ئەمریكاش بەرژوەندی لە عێراقدا هەیە".

هیوادارین رۆڵی وڵاتانی ناوچەكە لاوازتربێت لەوەی رابردوو، لە رابردوودا عێراق ببووە گۆڕەپانی سەپاندنی ئیرادەی هەندێك وڵات بەسەر وڵاتانی تردا.

كاریگەری ئێران كەم دەبێتەوە بۆ ئەوەی پێكدادانی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان نەبێت لە عێراق، چونكە ئێستا ئێران لەناوخۆی وڵاتەكەی كێشەی هەیە، كێشەی ئابوری و پرسی خۆپیشاندانەكان، بۆیە كاریگەریەكانی ئێران لە عێراق لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەت وەك پێشتر و ساڵانی 2008 و 2009 و پێشتریش نابێت.

1099 جار خوێندراوەتەوە