عێراق؛ هەوڵی چەند لایەنێك بۆ دور خستنەوەی موقتەدا سەدر لە گۆڕەپانی سیاسی بەردەوامە

08:53 - 11/07/2018
عێراق

دەوڵەتی یاسا و نەسرو فەتح و پارتی و یەكێتی لە پێكهێنانی هاوپەیمانێتی نزیك دەبنەوە 
دەوڵەتی یاسا: ئاماژەكانی یێكهێنانی هاوپەیمانێتیەكی گەورە دەركەوتووە
سەعد مەتلەبی: چاوڕەوانی پارتی و یەكێتی دەكەین بۆ راگەیاندنی هاوپەیمانێتیەكی گەورە


جموجۆڵە هاوبەشەكانی هاوپەیمانی فەتح و نەسر و دەوڵەتی یاسا بۆ دروستكردنی زۆرینەی پەرلەمانی و دورخستنەوەی موقتەدا سەدر، لە هاوكێشەسیاسیەكانی عێراق بەردەوامە و پێدەچێت ئەوسێ‌ لایەنە بە هاوكاری پارتی و یەكێتی زۆرینەی پەرلەمانی دروست بكەن.

 بەوتەی سەركردەیەكی دەوڵەتی یاساش ئێستا هەرسێ‌ لایەنەكە چاوەڕوانی  پارت و یەكێتی دەكەن بۆ ئەوەی هاوپەیمانێتیەیەك رابگەیەنن. 

رۆژ لە دوای رۆژ ئاماژەكانی پێكهێنانی هاوپەیمانی لەنێوان چەند لایەنێك و دورخستنەوەی هاوپەیمانی سائیرون  و موقتەدا سەدر لە هاوكێشە سیاسیەكانی عێراق زیاتر دەردەكەون، رەنگە لێك نزیكبونەوەی هەرسێ‌ هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساو نەسر و فەتح كە لەلایەن سێ‌ كەسایەتی  سیاسی دیاری شیعەكانەوە سەرۆكایەی دەكرێن دیارترین ئاماژەی ئەو جموجۆڵە سیاسیانەبن.

رۆژنامەی عەرەبی جەید لەراپۆرتێكدا نوێترین بەرەو پێشچوونی لەزاری سەركردەكانی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساوە بڵاوكردەوەتەوە، بەپێی راپۆرتەكە كۆبونەوەكانی ئەم دواییەی هادی عامری و حەیدەر عەبادی ‌و نوری مالیكی ئەنجامی گرنگی هەبوەو ئەوسَی لایەنە بەتەواوی لەیەكتر نزیكبونەتەوە.

سەعد مەتڵەبی كەیەكێكە لە سەركردەكانی دەوڵەتی یاسا لەبارەی دەرئەنجامی لێك نزیك بونەوەی هاوپەیمانێتیەكانی فەتح و نەسر و دەوڵەتی یاسا لەلایەك و نزیك بوونەوەی ئەوسێ‌ لایەنەش لە پارتی و یەكێتی رایگەیاندوە، ئاماژەكانی دروستبونی هاوپەیمانێتیەكی گەورە بەبەشداری هەریەك لەهاوپەیمانێتیەكانی فەتح و نەسر و دەوڵەتی یاسا و پارتی و یەكێتی دەركەوتووە. 

بەوتەی ئەو سەكردەیەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ئێستا ئەوان چاوەڕوانی سەردانی وەفدی یەكێتی و پارتی دەكەن بۆ بەغدا بۆ ئەوەی پێكهێنانی ئەو هاوپەیمانێتیە بكەن بە ئەمری واقیع.

لێك نزیكبونەوەی هاوپەیمانێتیەكانی فەتح و نەسرو دەوڵەتی یاسا، لەكاتێكدایە پێشتر هەریەك لە هاوپەیمانی فەتح و نەسر بەجیا رێككەوتنیان لەگەڵ هاوپەیمانی سائیرونی ی براوەی یەكەمی هەلبژاردنە پەرلەمانیەكەی عێراق راگەیاند، بەڵام جگە لە راگەیاندنەكەی لەرێی میدیاوە، ئەو ڕێككەوتنانە هیچ دەرئەنجامێكی تری لێ‌ نەوكەوتۆتەوە.

 بەپێی وتەی چاودێرانی دۆخی ساسیی عێراق ، ئەو دوو لایەنە بەرەسمی هاوپەیمانێتیان لەگەڵ هاوپەیمانی سائیرون  نەكردوە و دیدارو كۆبونەكانی ماوەی رابردووی  نێوان موقتەدا سەدر لەگەڵ حەیدەر عەبادی  و هادی عامری تەنها كۆبونەوەی ئاسایی بوون و هەولێك بون بۆ نزیكبونەوە لەیەكتری.

ئەگەرهەوڵی ئەوسێ‌ لایەنە سەركەتوو بێت بتوان زۆرینەی پەرلەمانی دروست بكەن ، ئەوا هاوپەیمانی سائیرون بەرێبەرایەتی موقتەدا سەدر و ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی عەمار حەكیم پەراوێز دەخرێن و  لە حالەتەشدا ئەگەربونە ئۆپۆزسیۆنی ئەو دوولایەنە دەبێتە ئەگەرێكی بەهێز ،  پارتی و یەكێتیش جگە لەدەسكەوتی حزبی بە دەستهێنانی پۆست لەكابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا پێناچێت دەسكەوتێكی دیكەیان هەبێت.

486 جار خوێندراوەتەوە