لە (100) هەزار کەس هەشت کەس دواى وەرگرتنى ڤاکسین توشى کۆرۆنا بوون

KNN : Kurdish News Network
12:05 - 16/04/2021
جیهان

بەپێى لێکۆڵینەوەیەک کە ناوەندێکى تەندروستى لە ئەمەریکا ئەنجامیداوە دەرکەوتوە، لە کۆى (100) هەزار کەس کە ڤاکسینى کۆرۆنایان وەرگرتووە تەنها هەشت کەس توشى کۆرۆنا بونەتەوە.

لە ئەمەریکا ناوه‌ندی كۆنتڕۆڵكردن و رێگرییكردن له‌ نه‌خۆشییه‌كان، لێکۆڵینەوەیەکى لەسەر ئەو کەسانە ئەنجامداوە کە ڤاکسینى کۆرۆنایان وەرگرتووە و رێژەى توشبونیانى بە کۆرۆنا ئاشکرا کردووە.

بەپێى لێکۆڵینەوەى ناوەندەکە،‌ توشبون بە ڤایرۆسى کۆرنا دواى وەرگرتنى ڤاکسینى تەواوەتى هەشت کەسە لە هەر (100) هەزار کەسێک، ئەوەش دواى دوو هەفتە لە وەرگرتنى ڤاکسین.
 ئاشکراشیکردووە، (40%)ى ئەو کەسانەى دواى وەرگرتنى ڤاکسین توشى کۆرنا بوون سەروى تەمەنى (60) ساڵن و زۆربەشیان لە رەگەزى مێن و ئەوەشى بۆ لاوازى بەرگرى جەستەى بەساڵاچوان گەڕاندۆتەوە کە ڤاکسینەکەش نەیتوانیوە بەشێکیان بپارێزێت.

ئەوەشخراوەتە روو، لە ئەمەریکا (74) کەس دواى وەرگرتنى ڤاکسین دوبارە توشى کۆرۆنا بون و بەهۆیەوە گیانیانلەدەستداوە.

ناوەندەکە سەرەڕاى ئاشکراکردنى ئەم ئامارانە، بەڵام هانى خەڵکى دەدات لە بەردەوامبونیان بۆ وەرگرتنى ڤاکسینى کۆرۆنا و ئەو هۆکارانەشى گەڕاندۆتەوە بۆ ئەوەى کە هیچ ڤاکسین و دەرمانێک ناتوانێت بەڕێژەى (100%) کاریگەرییەکانى ئەرێنى بن و هەندێ جار حاڵەتى دەگمەنى تێدەکەوێت.


341 جار خوێندراوەتەوە