لەبەر ئەم هۆكارانە لە ڕەمەزاندا پیتزا مەخۆن

KNN : Kurdish News Network
10:05 - 15/04/2021
تەندروستی

خواردنی پیتزا بەسەرجەم جۆر و تامەكانییەوە، چێژێكی زۆر هەیە بۆ ئەو كەسانەی حەزیان بەو خواردنە ئیتاڵییەیە، بۆ مانگی ڕەمەزانیش بەشێكی ڕۆژوەوانان بۆ ژەمی بەربانگ ئامادەی دەكەن لە پارشێواندا دەیخۆن، بەڵام پسپۆڕانی تەندروستی بەباشی دەزانن لەم مانگەدا پیتزا نەخورێت.

بەپێی ئەنجامی توێژینەوەیەكی پەیمانگای ئەڵمانی بۆ خۆراكی مرۆڤ ئەنجامیداوە و گۆڤاری شتێرنی ئەو وڵاتە بڵاویكردۆتەوە، خواردنی پیتزا هۆكارێكی سەرەكییە بۆ زیادبونی هەستی تینوێتی ئەوەش لەبەر دوو هۆكار.

یەكەم پیتزا خواردنێكی وشكە و بڕێكی كەم ئاوی تێدایە، دووەم بڕێكی زۆر خوێ لە پێكهاتەكانیدایە، ئەوانەش وادەكەن لەش پێویستییەكی زۆری بە ئاو بێت و هەستی تینوێتی زیاتربێت.

پسپۆڕەكان ئاماژە بەوە دەكەن، بە خواردنی (200) _ (400) گرامى پیتزا نزیكەی پێنج گرام خوێ دەچێتە جەستەوە، لەكاتێكدا بەپێی ڕێنماییەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، بڕی ڕێپێدراوی خوێ بۆ كەسێك لە ڕۆژێكدا تەنها شەش گرامە.

ئەو ڕێژەی زۆرەی خوێ لە خوێندا كاریگەری لەسەر گورچیلە و غودەكان دەبێت، هەستی تینوێتی بۆ لەش دروست دەكات بۆ ئەوەی هاوسەنگی بگێڕێتەوە بۆ جەستە.

توێژینەوە ئەڵمانییەكە باسی لەوەش كردووە، هەندێك لەو كەسانەی بەڕۆژون و لەڕەمەزاندا حەز بە خواردنی پیتزا دەكەن، زۆرجار بە شەربەت و خواردنەوە گازییەكانەوە پیتزاكە دەخۆن، ئەوەش زیانەكەی چەند هێندە دەبێت، چونكە ئەو خواردنەوانە بڕی پێویستی ئاو بۆ لەش دابین ناكەن، بەڵكو لەگەڵ خواردنەكە پێكەوە بڕێكی زۆر كالۆری دەدەن بە جەستە ئەوەش زیانێكی زۆری هەیە.

توێژینەوەكە دەڵێت ئاو سەرەكیترین شلەمەنییە بۆ لەشی مرۆڤ لە مانگی ڕەمەزاندا بۆیە خواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو زۆر گرنگە، هاوكات دەبێت گرنگی بەو خواردنانە بدرێت كە بڕێكی زۆر ئاویان تێدا وەك میوە و سەوزە و شۆربا، تاوەكو ڕۆژوەوان لە ئەگەر توشبوون بە كێشە تەندروستییەكان بەدووربێت.

551 جار خوێندراوەتەوە