ads top

بەشێك لە لایەنەكان دژی دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمن

08:31 - 11/07/2018
کوردستان

یەكێتی وەك رابردوو دەیەوێت مامەڵە بەپرسی سەرۆكایەتی هەرێمەوە بكات
نەوەی نوێ‌ لە رێگەی پۆستی سەرۆكی هەرێمەوە دەیەوێت خۆی لە پارتی نزیك بكاتەوە


یەكێتی لە ئێستادا دژی یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمە، KNN هۆكارەكەی ئاشكرا دەكات، لایەنێكی سیاسی نوێش دەیەوێت لە رێگەی ئەو پۆستەوە خۆی لە پارتی نزیك بكاتەوە. 

 

 رەنگە لە هەر هاوڵاتیەكی ئەم هەرێمە بپرسیت كێشەی گەورەی گۆڕان و پارتی لەسەر چیبوو، بەبێ دوو دڵی دەڵێت: پەیوەندی بە جۆری حوكمرانی و پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و هەمواری ئەو یاسایەوە هەبووە.

گۆڕان لەسەر پرسی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم وەزیرەكانی لە حكومەت دەركران، دەرگای  پەرلەمانی كوردستان بەروودا داخرا، بەڵام سازشی لەسەر پرەنسیپ و بنەماكانی بۆ چەسپاندنی سیتمێكی پەرلەمانی نەكرد، پەیوەست بەو سیستەمەش گۆڕان زۆرترین قوربانیدا، كە دیارترینیان فەرمانی دەستگیركردن بوو بۆ رێكخەرەكەی نەوشیروان مستەفا.

لە پرسی گۆڕینی سیستمی حكومڕانی بزوتنەوەی گۆڕان هیچ كات كێشەی شەخسی لە پۆستەكاندا نەبووە، بەڵكو تاكە ئامانجی ئەم بزوتنەوەیە چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی بوو كە پێیوایە باشترین سیستمی حكومڕانیە بۆ هەرێم.

بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پرسی سەرۆكایەتی هەرێم سەفقەی ژێر بە ژێری لەگەڵ كەس نەبووە و نیە، بەڵام نایەوێت خەڵكانێك بۆ سەوداو مامەڵەی خۆیان بەو یاسایەی ئێستا لە هەرێم بەركارە، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم بكرێت.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە وەك كێكی شیرین و پارویەكی چەور لە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی روانیوە دەیەوێت وەك جاری جاران بە رێككەوتنێكی ژێر بە ژێر لەگەڵ پارتی جارێكی تر ئەو پۆستە كارا بكاتەوە.

لە بەرامبەر ئەو پۆستە، لە رابردوودا سەرۆك كۆماری وەرگرتووەو ئێستاش دەیەوێت جارێكی تر وەری بگرێتەوە.

لەرابردووشدا یەكێتی بەپێی خواستی پارتی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمیان لەساڵی 2005 دەركرد و پرۆژەی دەستوریشیان لە ساڵی ساڵی 2009 تێپەڕاند، هەروەها لە ساڵی 2013 بەشێوەی نایاسایی ویلایەتی بارزانیان بۆ ماوەی دووساڵ درێژكردەوە و ساڵی 2015ش بەدواوە وەك سەرۆكی هەرێم مامەڵەیان لەگەڵ بارزانی كرد، كە ماوەی كۆتایی هاتبوو.

یەكێتی پرۆژەیەكیان بۆ پرسی سەرۆكایەتی هەرێم هەبووە پرۆژەكەشیان لەلایەن ئەنجومەنی ناوەندەوە پەسەند كرابوو، كەچی كاتێك وەفدەكەیان سەردانی بارزانی كرد، نە پرۆژەیان بیرما و نە كەسیش زانی ئەنجامی پرۆژەكەیان چیبوو.

ئێستا دۆخەكە گەیشتوەتە قۆناغێك ئەوانەی لە ساڵی 2004ەوە لە پرسی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ یەك جاریش توانای نەخێریان بەرامبەر پارتی نەبووە، هاتوونەتە پێشەوەو دەیانەوێت خۆیان بكەنە شەریكی ماندوبوون و قوربانیدانی گۆڕان و هاوپەیمانەكانی.

ئەوانەی توانای گفتوگۆیان بەرامبەر بارزانی لەدەستدابوو ئێستا بوونەتە پاڵەوانی گۆڕەپانەكە و دەیانەوێت سەرۆكایەتی هەرێم، كە وەك سەرچاوەی رزقێكی خوایی بوو بۆیان زیندووی بكەنەوە.

ئەوانەی ئێستا سەرقاڵی موزادەیەدەن بەسەر گۆڕانەوە باش دەزانن ساڵی رابردوو بزوتنەوەی گۆڕان تاكە لایەنی سیاسی هەرێم بوو كاندیدی بۆ سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەشی كۆمسیۆن كرد.

رێك لەو كاتەی كە بەرپرسێكی باڵای یەكێتی گوتی بەدیلی پارتی بۆ یەكێتی هەر یەكێتیە و بەدیلی یەكێتیش بۆ پارتی هەر پارتیە.

جگە لە یەكێتی نەوەی نوێش، هاو ئاوازی یەكێتی دەیەوێت بە دیدێكی بازرگانیەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی سەرۆكایەتی هەرێم بكات.

نەوەی نوێ‌ دەیەوێت سەرۆكایەتی هەرێم بەكار بێنێت بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەو پۆستەوە خۆی لە پارتی و بارزانی نزیك بكاتەوە، بەڵام دواجار ویژدانی كۆمەڵگەی كوردی كە ویژدانێكی زیندووە بڕیار لەسەر ئەوە دەدات گۆڕان نە بە تەكلیفی ئەمریكا و نە ئێران، نە هەڕەشەی پارتی و نە فشاری یەكێتی سازشی لەسەر ئەو پرسە نەكردووە، لە داهاتووشدا سازش ناكات.

68 جار خوێندراوەتەوە