کازمی داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلە لە هێرشەکەی هەولێر دەکات

KNN : Kurdish News Network
09:43 - 15/04/2021
عێراق

مستەفا کازمی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، داوای لێكۆڵینەوەی خێرا لەو هێرشانە دەكات كە شەوی ڕابردوو لە هەولێر و باشیك ڕویاندا.

 

لیوا یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان داوایكردووە، لێكۆڵینەوەی بەپەلە بكرێت لەو هێرشانەی لە هەولێر و ناوچەكانی دیكە ئەنجامدراون وجەختیکردۆتەوە، كە ئاسایشی عێراق لە ئەستۆی حكومەت و هێزە ئەمنییەكانی عێراقدایە بە سەرجەم پێكهاتەكانیەوە.

 

كازمی دوپاتیشیكردوەتەوە، "ئەم جۆرە لە كاری تیرۆرستی كە لە مانگی رەمەزاندا ئەنجامدەدرێت، ئامانجەكەی تێكدانی ئاسایشە".

فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان ئاماژەی بەوەشکردووە، هەندێك دەیانەوێت ئاژاوە بنێنەوە و ئاسایش و سەقامگیری تێكبدەن، ئەمەش كارێكی ڕەتكراوەیە و یاسا و یەكگرتوویی گەلی عێراق ڕەتیدەكاتەوە.

 

شەوی ڕابردوو هێرشێك بۆ سەر فڕۆكەخانەی هەولێر ڕویدا، بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی ناوخۆ هێرشەکە لەڕێگەی درۆنی TNT کراو بووە و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە لەناو فڕۆکەخانە.

 

هەر شەوی ڕابردوو بنكەی زلیكان لە ناحیەی باشیك، كە دەكەوێتە باكووری موسڵ و هێزەكانی توركیای تیایە لەڕێی چەند موشەكێكەوە کرایە ئامانج.

112 جار خوێندراوەتەوە