حەوت نیشانە پێت دەڵێت پێشتر توشی كۆرۆنا بویت و پێتنەزانیوە

KNN : Kurdish News Network
09:07 - 09/04/2021
تەندروستی

ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژمارەی توشبوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەهەڵكشاندایە، نیشانەكانیشیان لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگۆڕێت، پسپۆڕانی تەندروستیش جەخت دەكەنەوە لەسەر ئەوەی هەندێك كەس هەن توشی ڤایرۆسەكە بوون بەخۆیان نەزانیوە، بۆ دڵنیابونەوەش لەوە چەند نیشانەیەك هەیە.

هۆكاری نەزانینی توشبون بە كۆرۆنا چەند هۆكارێكی هەیە، بەشێكیان لەگەڵ پەتای وەرزی و ئەنفلۆنزا جیاناكرێتەوە، بەشێكی دیكەش ڕەنگە پێش بڵاوبونەوەی ئاشكرابونی ڤایرۆسەكە توشی هاتبن.

پسپۆڕەكان جەخت دەكەنەوە لەسەر ئەوەی توشبوون بە كۆرۆنا حەوت نیشانەی سەرەكی هەیە، ئەگەر كەسێك ئەوانەی تێدا دەركەوتووە ئەوا دەكرێت دڵنیابێتەوە پێشتر توشبووی ڤایرۆسەكە بووە.

نیشانەكانی لە حەوت دانە پێكهاتوون و بریتین لە "سوربونەوەی چاو، كۆكەیەكی جیاواز لە كۆكەی ئاسایی، ژاوەژاوی مێشك، بەرزبونەوەیەكی كەمی پلەی گەرمی، ماندوێتی، نەمانی هەستی تامكردن و بۆنكردن، ئازارى گەدە".

پسپۆڕەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كاتێك ڤایرۆسی كۆرۆنا دەچێتە لەشەوە، جەستە وەك هەر ڤایرۆسێكی دیكە هەوڵی لەناوبردنی دەدات و بەرگرییەكی كەم پەیدا دەكات، بەڵام ڤایرۆسەكە دەمێنێت.

بەو پێیەی ڤایرۆسەكە ترشی ریبۆنۆكلیك (RNA) تێدایە كە دژە چینێك دەورەیداوە، ڕوكاری دەرەوەشی جۆرە پرۆتینێكە كە بە خانەكانی لەشی مرۆڤەوە دەنوسێت، كاتێكیش دەچێتە ناو خانەكەوە دەست بە زۆربوون دەكات و دەیەوێت بگات بە ئەندامەكانی لەش بەتایبەت سییەكان.

بەهۆی چونە ناو خانە و ئەندامەكانەوە جەستە دەستدەكات بەدروستكردنی دژە تەن بۆ ڕوبەڕوبونەوەیان، هەر بەهۆی ئەو دژە تەنانەشەوەیە زۆرجار ئەو پشكنینەی ئەنجام دەدرێت بە وردی حاڵەتەكە دەستنیشان ناكات.

د.ولیام شافنز پسپۆڕی نەخۆشییە گواستراوەكان و مامۆستای كۆلێژی پزیشكی لە زانكۆی فاندەربیڵت لە ئەمریكا دەڵێت: "دژە تەنەكان وادەكەن ئەنجامەكان (100%) ورد نەبن، دەكرێت بەشێكی ئەنجامە پۆزە تیڤەكان هەڵەبن و بەپێچەوانەشەوە ئەنجامە نێگەتیڤەكان هەڵەبن".

هەموو ئەو زانیارییانەی لە بارەی ڤایرۆسەكەوە بەشێوەیەكی ڕۆژانە بڵاودەكرێنەوە جەخت دەكەنەوە لەسەر گرنگی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی زیاتر لەسەری بۆ ئەوەی زانیاری زیاتر لەبارەیەوە بەردەست بێت و وردتر حاڵەتەكانی توشبوون دەستنیشان بكرێن.

4124 جار خوێندراوەتەوە