نهێنیەکانی کەوتنی بەغدا لە ماوەیەکی کەمدا

KNN : Kurdish News Network
05:29 - 08/04/2021
ڕاپۆرت

(9)ی نیسانی ساڵی (2003)، بوو بە بەراورێکی دیکە کە جێگەی خۆی لە یادەوەری عێراقیەکاندا کردەوە، چونکە ئەو رۆژە کۆتایی بە دەسەڵاتی یەکێک لە دیکتاتۆرترین سیستمە حوکمڕانیەکانی ناوچەکە هات کە نزیکەی (40) ساڵ توندترین شێوازەکانی توندوتیژی لە بەرامبەر گەلانی عێراق تاقیکردەوە، زیاتر لە نیوەی ئەو ماوەیەش سەدام حسێن لە لوتکەی هەڕەمی دەسەڵاتدابوو لەو ماوەیەشدا سەرکوتکردنی هاوڵاتیانی عێراق و پێشێلکردنی مافەکانیان گەیشتە لوتکە، جگە لەوەش توندوتیژییەکانی سەدام حسێن پەلی هاویشت بۆ دەرەوە و سنورەکانی عێراقی تێپەڕاند.

ئەوەی لە پاشنیوەڕۆی نۆی نیسانی (2003) عێراقیەکان وهەموو جیهان بینیان، کەوتنی پەیکەرەکەی سەدام حسێن لە گۆڕەپانی فیردەوسی ناوەڕاستی بەغدا و کۆتایی هاتنی دەسەڵاتەکەی بوو، بەڵام چیرۆکەکانی پشت رووخانی ئەو دەسەڵاتە زۆرن و تائێستاش عێڕاقیەکان بە بەشێکی زۆری ئەو چیرۆکانە ئاشنا نین، بەتایبەتی ئەوەی کەپەیوەندی بە هۆکارەکانی یەکلایی بونەوەی ئەو جەنگەوە هەیە لە ماوەی (20) رۆژدا و کەوتنی دەسەڵاتی بەعس لە بەغدا و شارەکانی عێراق بە خێراییەکی زۆر و یەک لە دوای یەک کە ئەوکاتە لە راگەیاندنەکانی جیهان بە کەوتنی یەک لە دوای یەکی پولی دۆمینە شوبهێنرا.

 

پلانەکەی سەدام بە مردوویی لە دایک بوو

دوای چەند ساڵێک لە کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی بەعس، بەشێک لە فەرماندە سەربازییەکانی ئەو سەردەمەی عێراق، پلانێکی سەدام حسێنیان بۆ بەرگریکردن لە بەغدا ئاشکرا کرد، بەڵام وەک خۆیان دەڵین هیچ کام لە فەرماندە و ئەفسەرەکان متمانەیان بەوپلانە نەبوە.

ناوەرۆکی پلانەکەش بریتی بووە لە کشانەوەی هێزەکان بۆ ناو سەنتەری بەغدا و شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لە حاڵەتی نزیکبونەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، بەڵام دواتر دەرکەوت پلانەکەی سەدام پلانێکی شکستخواردوو بووە و جێبەجێ کردنی مەحاڵ بووە.

 

پایتەختی عێراق بە کوڕە بچوکەی سەدام سپێردرا

لیوا روکن مەزهەر غەننام کە لە دەستپێکی پڕۆسەی ئازادی عێراقدا لە وەزارەتی بەرگری عێراق کاری کردوە، پەردەی لەسەر نهێنیەکانی کەوتنی بەغدا هەڵدایەوە و ئۆباڵەکەی خستە ئەستۆی بنەماڵەکەی سەدام و بەتایبەتی قوسەی کوڕی سەدام حسێن.

ئەو ئەفسەرە عێراقیە لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی شینخوای چینی باسی لەوەکردوە، رێگەنەدرا وەزارەتی بەرگری پلانی پارێزگاری کردن لەبەغدا دابڕێژێت و رۆڵێکی لاوەکی هەبوو لەو شەڕەدا، چونکە ئەرکی  پاراستنی بەغدا بەهێزەکانی گاردی کۆماری سپێردرابوو کە لەلایەن قوسەی کوڕی سەدام حسێنەوە سەرپەرشتی دەکران لە کاتێکدا ئەو کەسێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو دەرچووی بەشی یاسا بوو.

گاردی کۆماری پێکهاتەیەکی جیاوازی هەبووە بە جۆرێک سەرۆکی ئەرکانی سوپاش دەسەڵاتی بەسەر ئەو هێزەدا نەبوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی ئەوەی  فەرماندەیەکی شیاویان نەبوو وە ئامادەکاری پێویستیشیان بۆ پارێزگاری کردن لە بەغدا نەکردبوو، نەیانتوانی  بەرگری بکەن، لەکاتێکدا پێشتر قوسەی کوڕی سەدام حسێن وەزیری بەرگری ئاگادارکردبوەوە لەوەی کە بەرگری کردن لەبەغدا ئەرکی گاردی کۆماریە و وەزارەتی بەرگری دەبێت رۆلی تەماشاکەر بگێڕێت.


ترس لە کودەتا بەغدای خست و کۆتایی بە سەدام هێنا

مەترسی ئەنجامدانی کودەتای سەربازی لای سەدام حسێن کەمتر نەبو لە مەترسی ئەو جەنگەی بەرۆکی دەسەڵاتەکەی گرتبوو، بۆ بەرگرتن لەو مەترسیەش رێوشوێنی توندی گرتبوەبەر.

بە وتەی یەکێک لە ئەفسەرە باڵاکانی وەزارەتی بەرگری عێراق، رێگەنەدرا فەرماندە سەربازییە بە تواناکان رۆڵی خۆیان لەو جەنگەدا بگێڕن، چونکە سەدام لەوە دەترسا سوپا کودەتای بەسەردا بکات، بۆیە زۆرێک لە فەرماندە سەربازیە شارەزا و بەتوانا و پیشەییەکان نەیانتوانی ئەرکی خۆیان لەو جەنگەدا بەگشتی و بەتایبەتی بۆ پارێزگاری کردن لە بەغدا جێبەجێ بکەن.

لە جەنگی پڕۆسەی ئازادی عێراقدا کە رژێمەکەی سەدام بە جەنگی یەکلاکەرەوە ناوی دەبرد، سەدام حسێن عێراقی دابەشکردبوو بەسەر چوار میحوەردا کە بریتی بوون لە میحوەرەکانی باکور و باشور و ناوەڕاست و ناوچەی فوڕاتی ناوەڕاست.

میحوەری باکور لەلایەن عیزەت دوری و میحوەری باشور لەلایەن عەلی حەسەن مەجید و میحوری ناوەڕاست لەلایەن قوسەی کوڕی سەدام حسێن و ناوچەی فوڕاتی ناوەڕاستیش لە لایەن مزبان خزەیر هادیەوە سەرپەرشتی دەکران.

بەوتەی لیوا روکن مەزهەرغەننام، سوڵتان هاشم وەزیری بەرگری دەسەڵاتی ئەوەی نەبوە کە دەستێوەردان لە کاروبارەکانی فەرماندەی ئەو میحوەرانە بکات یاخود پێچەوانەی فەرمانەکانی ئەوان هەڵسوکەوت بکات، ئەوەش هۆکارێکی سەرەکی دۆڕاندنی ئەو جەنگە بووە.

 

سەدام حسێن: کەوتنی بەغدا خیانەت بوو

دوای (21) رۆژ لە کەوتنی بەغدا و کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتەکەی، سەدام حسێن لەحەشارگەکەیەوە پەیامێکی ئاڕاستەی عێراقییەکان کرد و تێیدا رایگەیاند: ئەگەر خیانەت نەبوایە ئەمەریکییەکان سەرکەوتنیان بەدەست نەدەهێنا.

سەدام حسێن تا ئەوکاتەش پێیوابوە کە سەرکەوتنی ئەمەرییەکان لەو جەنگەدا و کەوتنی دەسەڵاتەکەی کاتیە، بۆیە لەبەشێکی دیکەی ئەوپەیامەیدا کە ئەوکاتە لە کەناڵى ئەلعەربیەوە بڵاوکرایەوە رایگەیاند، ئەوسەرکەوتنە بەردەوام نابێت تا ئەوکاتەی گیانی بەرگریکردن لەعێراقیەکاندا هەبێت.

دەرئەنجامەکانی ئەو چیرۆکانە دەریدەخەن کە جگە لە بەهێزی توانای سەربازی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان، ئەوەی بوە هۆکاری روخانی رژێمی پێشوی عێراق بە خێراییەکی چاوەروان نەکراو، پەرتەوازەیی و دامەزراوەیی نەبوونی هێزە چەکدارەکانی ئەوکاتەی عێراق و رێکنەخستنیان لە چوارچێوەی دامەزراوەیەکدا لەگەڵ بوونی هێزی میلشیایی لە دەرەوەی وەزارەتی بەرگری.

295 جار خوێندراوەتەوە