ئەمشەو چامپۆنسلیگ، بەتامى تۆڵە و سەرکەوتن

KNN : Kurdish News Network
01:53 - 06/04/2021
وەرزش

یارییەکانى چونى قۆناغى هەشتى خولى یانە پاڵەوانەکانى ئەوروپا (چامپیۆنس لیگ) دەست پێدەکات، لە بەهێزترین یاریشدا ریاڵ مەدرید میواندارى لیڤەرپوڵ دەکات.

بڕیارە ئەمشەو کاتژمێر (10:00) بە کاتى هەرێمى کوردستان، یانەى ریاڵ مەدریدى ئیسپانى لە یاریگاى ئەلفرێدۆ دێستێفانۆ میواندارى یانەى لیڤەرپوڵى ئینگلیزى بکات.

یارییەکە یەکێکە لە بەهێزترین یارییەکانى ئەم قۆناغە و بۆ لیڤەرپوڵ بەتامى تۆڵەکردنەوە و بۆ ریاڵیش بیرەوەرى سەرکەوتن، چونکە لە دواهەمین روبەروبونەوەى هەردوو یانەکە لە یارى کۆتایى چامپیۆنس لیگى (2018)، کوڕانى زێدان بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بەسەر کوڕانى یۆرگن کڵۆپدا سەرکەوتن.

یانەى ریاڵ مەدرید بە دۆخێکى هەستیاردا تێدەپەڕێت ئەوەش بەهۆى زۆرى پێکانەکان لە یانەکە، بەشێوەیەک بۆ یارییەکەى ئەمشەو هەریەک لە (رامۆس و کارڤاخاڵ و هازرارد) بەهۆى پێکانەوە دورخراونەتەوە و شەممەى داهاتوش لە کلاسیکۆ روبەڕوى بەرشەلۆنە دەبنەوە.

هەرچى یانەى لیڤەرپوڵە لە خولى ئینگلیزى لە دۆخێکى خراپدایە، بەڵام لە دواهەمین یارى بە سێ گۆڵى بێ وەڵام شکستى بە ئەرسیناڵ هێناو زەنگى مەترسى بۆ ریاڵ لێدا.

 

هەردو یانە شەش جار روبەڕوى یەکترى بونەتەوە و هەریەکەیان بە سێ بردنەوە یەکسانن.

هەر لە یارییەکانى ئەم قۆناغە، لە هەمان کاتدا یانەى مانچستەر سیتى ئینگلیزى میواندارى بڕوسیا دۆرتمۆندى ئەڵمانى دەکات، ستیزن بە دۆخێکى باشدا تێدەپەڕێت و بە ڕادەیەکى زۆر نازناوى خولى ئینگلیزى یەکلایى کردۆتەوە، دۆرتمۆندیش لە خولى ئەڵمانى لە دۆخێکى زۆر خراپدایە و دەبێت شەڕ بکات تا بلیتى چامپیۆنس لیگى داهاتوو بەدەستبهێنێت.

196 جار خوێندراوەتەوە