مانەوە لە سروشتە جوانەكەی وەرزی بەهاردا چ سودێكی هەیە؟

KNN : Kurdish News Network
08:38 - 02/04/2021
هەمەڕەنگ

وەرزی بەهار سروشتێكی جوان كەشێكی تایبەتی هەیە، هەر ئەوەش وایكردووە كەسانێكی زۆر حەز بە وەرزەكە بكەن و بۆ ئەنجامدانی گەشت و سەیران ڕووبكەنە دەشت و شوێنە سروشتییەكان.

ئەنجامی توێژینەوەیەكی ئەمریكی ئاشكرای دەكات، گەشتكردن و مانەوە لە سروشتدا بۆ ماوەی چەند خولەكێك كاریگەری لەسەر دەرونی مرۆڤ هەیە و لە چەند گرفتێك ڕزگاری دەكات.

توێژینەوەكە لە زانكۆی میشیگان ئەنجامدراوە و گۆڤاری فرۆنتیز ئین سایكۆلۆژی زانستی وەرزی ئەنجامەكەی بڵاوكردۆتەوە.

توێژەرەكان باسیان لەوە كردووە، مانەوە لە سروشتدا چارەسەرێكی باشە بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییە خراپەكانی جەنجاڵییەكانی ژیانی سەردەمەیانە، بەتایبەت مانەوە بۆ ماوەیەكی زۆر لەبەرامبەر شاشە ئەلەكترۆنییەكاندا زۆر بەكارهێنانی مۆبایل و سەیركردنی تەلەفزیۆن.

سەرپەرشتیارانی توێژینەوەكە داوایان لەبەشداربووەكان كردووە ماوەی هەشت هەفتە و سێ ڕۆژ لە هەفتەیەكدا بۆ ماوەی (20) خولەك لە سروشتدا بمێننەوە، دوای پێوانەكردنی ئاستی هۆرمۆنی كۆرتیزۆل لای ئەو كەسانە، پسپۆڕەكان بۆیان دەركەوتووە ڕێژەكەی لایان كەمبۆتەوە و بەوەش كاریگەری دڵەڕاوكێ فشاری دەرونی لەسەر كەمتربووە و هەستیان بە ئاسودەی كردووە.

234 جار خوێندراوەتەوە