باوكی حۆرییه‌كان له‌ توركیا ده‌ستگیركرا

12:07 - 11/07/2018
هەمەڕەنگ

ئه‌مڕۆ، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی توركیا عه‌دنان ئۆكتار، كه‌ ناسراوه‌ به‌ (باوكی حۆرییه‌كان) ده‌ستگیركرد، كه‌ ناوبراو بانگه‌شه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی بیری ئیسلامی ده‌كرد له‌ڕێگای سه‌مای نیمچه‌ڕوتی ئافره‌تان و بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی خانمان به‌پۆشاكی وروژێنه‌ره‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی توركیا به‌ نیوتورك پۆست-ی راگه‌یاندووه‌؛ له‌چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تێكی هێزه‌كانیاندا، سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ عه‌دنان ئۆكتار و 234 كه‌س له‌ شوێنكه‌وتوه‌كانیان ده‌ستگیركردووه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌؛ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یان له‌ پێنج ناوچه‌ی جیاوازی توركیا ئه‌نجام ده‌درێت، به‌تایبه‌تی ئیستانبوڵ، كه‌ تیایدا عه‌دنان ئۆكتار (هارون یه‌حیا) خۆی و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ شوێنكه‌وتوانی و خانمه‌ شۆخوشه‌نگه‌كانی له‌ ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاری نیشته‌جێن.

سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كه‌ ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو، هارون یه‌حیا، چه‌ند تۆمه‌تێكی روبه‌ڕوكراوه‌ته‌وه‌، وه‌كو دامه‌زراندنی رێكخراوێك بۆ ئه‌نجامدانی تاوان، ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر منداڵان، ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی منداڵان و ده‌ستدرێژی سێكسی و هه‌راسانكردنی خه‌ڵك و سیخوڕی سیاسی و سه‌ربازیی، هه‌روه‌ها تۆمه‌تی فریودان و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵك.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، كه‌ ئۆكتار پێشتر زانای ئاینی بووه‌ و پاشان له‌و كاروباره‌ دوركه‌وتۆته‌وه‌ و خاوه‌نی كه‌ناڵێكی ئاسمانی (A9) و ژماره‌یه‌كی زۆر خانمی شۆخ و شه‌نگ له‌ده‌وری سه‌ما ده‌كه‌ن و له‌ به‌رنامه‌ و ئاهه‌نگی سه‌ماكانیدا قسه‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینی و كلتورییه‌ جیاجیاكان ده‌كات و پێی وایه‌ له‌و ڕێگایه‌وه‌ بنه‌ماكانی ئیسلام بڵاوده‌كاته‌وه‌، تا ئاستی ئه‌وه‌ی خۆی لێ بوبوه‌ (محه‌مه‌دی مه‌هدی).

چه‌ند وێنه‌یه‌كی ئۆكتار و خانمه‌ شوێنكه‌وتوه‌كانی:

31148 جار خوێندراوەتەوە