زیانە تەندروستیەکانى زۆر خواردنى گۆشت

KNN : Kurdish News Network
02:23 - 25/03/2021
تەندروستی

گۆشت بەسەرجەم جۆرەكانییەوە لە لیستی خۆراكی زۆرینەی وڵاتاندا هەیە و بە چەند شێوازێكی جیاواز ئامادە دەكرێت، ئەو تام و چێژە تایبەتەش كە هەیەتی وایكردووە ببێتە یەكێك لە سەرەكیترین خواردنەكان.

ئێستا لەوەرزی بەهارداین و هاوڵاتیان لەكاتی ئەنجامدانى گەشت و سەیراندا بڕێكی زۆری گۆشت لەگەڵ خۆیان دەبەن و بەشێوازی جیاواز ئامادەی دەكەن، پسپۆڕانی تەندروستی ئامۆژگاری هاوڵاتیان دەكەن لەوەی گۆشتی گونجاو و تەندروست هەڵبژێرن و گرنگی بە كوالێتیەكەی بدەن، هەروەها بەشێوەیەكی تەندروست ئامادەی بكەن و زیادەڕۆیش نەكەن لە خواردنیدا.

پسپۆڕانی تەندروستی چەندین توێژینەوەی جیاوازیان لەسەر گۆشت و جۆرەكانی ئەنجامداوە و ئاماژەیان بەوە كردووە بەشێوەیەكی گشتی ئەو ماددە خۆراكییانەی لە پێكهاتەی گۆشتدان سودیان بۆ تەندروستی هەیە، بەڵام گەر زیاد لە بڕی پێویست بخورێن، ئەوا سودەكان دەگۆڕێن بۆ زیان و مەترسی تەندروستی دروست دەكەن و دەبنە هۆكاری توشبوون بە چەند نەخۆشییەكی جیاواز.

لە هەرێمی كوردستان و لە وەرزی بەهاردا بەدیاریكراویش لەكاتی ئەنجامدانی گەشت و سەیراندا، ڕێژەی خواردنی گۆشت بەگشتی و گۆشتی سور بەتایبەتی بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد دەكات و هاوڵاتیان بە چەند شێوازێكی جیاواز ئامادەی دەكەن، دیارترینیشیان برژاندنی گۆشت یاخود سوركردنەوەیەكی.

پسپۆڕانی تەندروستی ئامۆژگاری هاوڵاتیان دەكەن، بەوەی گۆشتی سەلامەت و گونجاو هەڵبژێرن، چونكە گۆشتەكان یەكێكن لەو جۆرە خۆراكانەی گەر بەشێوازێكی تەندروست هەڵنەگیرێن خراپ دەبن و زیان بە تەندروستی دەگەیەنن.

لەسەرەتادا پێویستە هاوڵاتیان ئەو گۆشتە بكڕن كە لە قەسابخانەكاندا دەفرۆشرێن و لەژێر چاودێری لیژنە تەندروستییەكاندان، چونكە ئەو گۆشتانەی لەسەر ڕێگا و شوێنە لاوەكییەكان دانراون هیچ پێوەرێك نایانگرێتەوە و بە هۆكارێكی سەرەكی نەخۆشی و توشبوون بە كێشە تەندروستییەكان دادەنرێن، بەو پێیەی ڕەنگە ئەو ئاژەڵەی سەربڕدراوە نەخۆش بێت و بۆ خواردن گونجاو نەبێت.

دوای كڕینی گۆشتەكەش پێویستە پێش ئامادەكردنی بەشێوازێكی تەندروست و لە پلەیەكی گەرمی گونجاودا هەڵبگیرێت و ڕێگری بكرێت لەوەی هەوای بەربكەوێت بۆ ئەوەی میكرۆب و بەكتریای ناو هەوا لەسەر گۆشتەكە نەنیشێت و نەبێتە هۆی پیسبوون و خراپبوونی.

سەبارەت بەشێوازی ئامادەكردنی گۆشت لە گەشت و سەیراندا، پسپۆڕەكان داوا دەكەن زۆر بە وریاییەوە گۆشت ئامادە بكەن، بەتایبەت ئەگەر برژێندرا، چونكە زۆر جار ئەو پلە گەرمییە زۆرەی بۆ برژاندنی گۆشت بەكاردەهێنرێت گۆڕانكاری لە پێكهاتەكەیدا دەكات بە جۆرێك زیانی دەبێت، بۆیە باشترین شێواز بۆ ئامادەكردنی كوڵاندنى گۆشتەکەیە.

671 جار خوێندراوەتەوە