بۆچی هەندێك كەس قژیان زوو سپی دەبێت؟

KNN : Kurdish News Network
05:17 - 22/03/2021
تەندروستی

سپیبونی قژ یەكێكە لە نیشانەكانی هەڵكشانی تەمەن و نزیكبونەوە لە پیری، بەڵام هەندێك كەس لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ لەتەمەنێكی گەنجاندا تاڵی سپی لە قژیاندا دەردەكەوێت، ئەوەش بەشێكیان توشی بێزاری دەكات، پسپۆڕانی تەندروستیش لێكدانەوەی خۆیان بۆ ئەو بابەتە هەیە.

ماڵپەڕی بۆنتەی ئەڵمانی ئاشكرای كردووە، سەر سپیبوون لەگەڵ هەڵكشانی تەمەندا، بەهۆی كەمبونەوەی دەردانی ماددەی میلانینە كە بەرپرسە لە ڕەنگی قژ، بەڵام كاتێك دەچێتە تەمەنەوە خانەكانی لە دەردانی ئەو ماددەیە دەوەستن، بۆیە ڕەنگی مووەكان دەست بە گۆڕین دەكات.

لەسەرەتادا چەند تاڵێكی ڕەنگ سپی و خۆڵەمێشی دەردەكەون، دواتر بەپێی تێپەڕینی كات ژمارەیان زیاد دەكات، سەرەتاش لە لاكانی نزیك گوێچكەوە سپیبوونەكە دەستپێدەكات، دواتر ڕیش سپی دەبێت چونكە تاڵەكانی كورتن و زوو زوو دەتاشرێن.

 

بۆچی قژی هەندێك كەس زوو سپی دەبێت؟

سەبارەت بە سپیبونی قژی گەنجان پسپۆڕانی تەندروستی باسیان لەوەكردووە، ئەوەش پەیوەندی بە جینەكانی ئەو كەسەوە هەیە، بەجۆرێك ئەگەر كەسێك باوك و باپیری درەنگ ڕەنگی تاڵەكانیان گۆڕابێت و سەریان سپی بووبێت، ئەویش بەهەمان شێوە درەنگ ئەو حاڵەتەی لا دەردەكەوێت، بە پێچەوانەشەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا چەند هۆكارێكی دیكە هەیە ئەگەرى زوو سپیبونی موو زیاد دەكات، لەوانە نەخۆشی هۆرمۆنی و كەمی ماددە خۆراكییەكان، ئەمە جگە لەوەی فشاری دەرونی و دڵەڕاوكێ و ماندوبوون كاریگەرییەكی زۆری هەیە، چونكە ئەوانیش دەبنە هۆی كەمبكردنەوەی خانەی بەرپرس لە ڕەنگی قژ.

 

دەكرێت ڕێگری تەواو لە سپیبونی قژ بكرێت؟
ڕێگری كردنی تەواو لە دەركەوتنی تاڵە سپییەكان مەحاڵە، بەڵام دەكرێت سەرهەڵدانیان دوابخرێت، ئەویش لەڕێی پەیڕەوكردنی سیستمێكی تەندروستی ژیان و دووركەوتنەوە لە ماندوێتی و دڵەڕاوكێ، هەروەها خواردنی خۆراكی دەوڵەمەند بە ڤیتامین و ماددەی خۆراكی، بەتایبەت ترشی فۆلیك پارێزگاری ڕەنگی سروشتی قژ دەكات بۆ ماوەیەكی درێژتر.
4003 جار خوێندراوەتەوە