وردەکاری و هۆکاری کوشتنی خێزانە حەوت کەسییەکەی سەڵاحەدین

KNN : Kurdish News Network
11:19 - 13/03/2021
عێراق

دوێنێ لە شاری تکریت هەشت تەرم دۆزرانەوە کە حەوتیان ئەندامی یەک خێزان بوون، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، ئەنجامدەرانی تاوانەکە ئەندامی رێکخراوی داعشن.

 

 
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "لیژنەی هاوبەشی لێکۆڵینەوە لە تاوانە تیرۆریستییە قێزەونەکەی گوندی ئالبودۆر لە تکریتی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین، لێکۆڵینەوەکانی تەواوکرد و گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئەنجامدەرانی تاوانەکە ئەندامی داعشی تیرۆریستن و پیادە بوون و چوونەتە گوندەکە، لەو کاتەشدا جلی سەربازییان پۆشیوە، دواتر بە بیانووی پشکنینی ماڵی کوژراوەکان لە لێواری گوندەکە تاوانەکەیان بەرامبەر ئەو کەسە بێتاوان و بێچەکانە ئەنجامداوە".

لە بەشێكی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "هێزە ئەمنییەکان بەرپرسی ئەنجامدانی ئەو تاوانەیان ناسی و ئەو تاوانبارە پێشتر خەڵکی گوندی ئالبودۆر بووە و بەهۆی کارە تیرۆریستییەکانی لەلایەن دانیشتووانی گوندەکە دەرکراوە، بۆیە گەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی تۆڵەی خۆی لەوان بکاتەوە، رووداوەکەش بووە هۆی شەهیدبوونی حەوت ئەندامی یەک خێزان، لەگەڵ کارمەندێکی پۆلیسی سەڵاحەدین و پارێزەرێک".

 

 

بەرەبەیانی دوێنێ هەینی چەند چەكدارێكی داعش كە جلی سەربازییان پۆشیبوو لە گوندی ئالبودۆر لە باشووری شاری تكریت ناوەندی پارێزگای سەڵاحەدین، هەڵیانكوتایە سەر ماڵێک و بە چەكی بێدەنگ هەشت كەسیان لە ماڵەکە كوشتووە، كە حەوتیان یان ئەندامی یەک خێزانن، دواتر چەکدارەکان بۆ ناوچەیەكی نادیار هەڵاتن.


2502 جار خوێندراوەتەوە