حکومەتى عێراق رێگە بە هاوردەکردنى ئۆتۆمبێلى زیانلێکەوتوو دەدات

KNN : Kurdish News Network
06:15 - 22/02/2021
عێراق

دواى دووساڵ لە قەدەغەکردنى هاوردەکردنى ئۆتۆمبێلى بەکارهاتو و زیانلێکەتوو، جارێکى تر حکومەتى عێراق رێگە بە هاوردەکردنى ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە دەدات.

بەپێى راگەیەنراوێکى دەستەى دەروازە سنورییەکانى عێراق، ئەنجومەنى وەزیران بڕیارێکى بە ژمارە (57) ى ساڵى (2021) دەرکردوە، بەپێى ناوەرۆکى بڕیارەکە رێگە بە هاوردەکردنى ئۆتۆمبێلى بەکارهاتوو و زیان لێکەوتوو دەدرێت، بەمەرجێک لە چوارچێوەى ئەو مۆدێلانەدا بێت کە رێگەپێدراون و لەناو عێراقیش چاکبکرێنەوە، ئەوەش لەپێناوى ئەوەى هەلى کار بۆ خاوەن کار و پیشەوەرەکان برەخسێنرێت.

دەستەى دەروازە سنورییەکانى عێراق راشیگەیاندوە، ئەو بڕیارەى ئەنجومەنى وەزیران دواى ئەوە دێت کە دەستەکەیان چەند جارێک داوایان کردوە کە بڕیارێکى ساڵى (2018) ى لیژنەى باڵاى کاروبارى ئابورى کە تایبەتە بە قەدەغەکردنى ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە هەڵبوەشێنرێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە ساڵى ( 2018) لیژنەى باڵاى کاروبارى ئابورى سەر بە ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بە بڕیارى ژمارە (435) هاوردەکردنى ئۆتۆمبێلى زیانلێکەوتووى قەدەغە کرد.

948 جار خوێندراوەتەوە