"لایەنە شیعەکان نایانەوێت پشکى هەرێم لە بودجەدا یەکلایى ببێتەوە"

KNN : Kurdish News Network
02:52 - 21/02/2021
عێراق

تائێستاش لایەنە شیعەکان نەچونەتە ژێربارى پەسەندکردنى پشکى کورد لە پرۆژە یاساى بودجەى ئەمساڵى عێراق، پەرلەمانتارێکى هاوپەیمانى فەتحیش دەڵێت رێککەوتن بکرێت یاخود نا، لەم هەفتەیدا پرۆژە یاساکە دەخرێتە دەنگدانەوە.

جەمال کۆچەر، ئەندامى لییژنەى دارایى لە ئەنجومەنى نوێنەران رایگەیاند، لیژنەکەیان تەواوى کێشە و گرفتەکانى پرۆژەیاساى بودجەى ساڵى (2021) چارەسەرکردوە جگە لە بابەتى پشکى هەرێمى کوردستان.

راشیگەیاند، لایەنە شیعەکان تائێستاش دژى جێگیرکردنى پشکى هەرێمن لە پرۆژە یاساکەدا، بەڵام خۆشیان هیچ دەقێکى نوێ یاخود جێگرەوەى ئەو دەقەیان پێشکەش نەکردوە کە لەپرۆژە یاساکەدا دانراوە.

بە بڕواى ئەو ئەندامەى لیژنەى دارایى لەئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، پێدەچێت لەم هەفتەیدا رێککەوتن لەبارەى پشکى هەرێم  بکرێت.

 

لەلایەکى ترەوە فازل جابر، ئەندامى هاوپەیمانى فەتح لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق رایگەیاند، لە کۆتایى ئەم هەفتەیەدا ئەنجومەنى نوێنەران دەست بە دانیشتنەکانى دەکاتەوە بۆ دەنگدان لەسەر مادەکانى پرۆژە یاساى بودجە، بەبێ لەبەرچاوگرتنى ئەوەى کە حکومەتى ناوەندى و حکومەتى هەرێم دەگەنە رێککەوتن یاخود نا.

ئەو ئەندامەى هاوپەیمانى فەتح ئاشکراشى کردوە، هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە لە دوو رۆژى داهاتوودا رێککەوتن لەسەر پشکى هەرێم لە بودجەى ئەمساڵى عێراقدا دەکرێت.

268 جار خوێندراوەتەوە