دیجیتاڵ میدیاى (KNN) زانیارى لەبارەى قەدەغەى هاتوچۆ و پڕۆسەى خوێندن و داخستنى شوێنە گشتیەکان ئاشکرادەکات

KNN : Kurdish News Network
01:17 - 19/02/2021
کوردستان

بڕیارە هەفتەى داهاتو لیژنەى باڵاى روبەڕوبونەوەى کۆرۆنا لە هەرێم کۆببێتەوە و هەڵسەنگاندن بۆ دۆخى کۆرۆنا و تاووتوێى بەردەوامیدان بە پڕۆسەى خوێندن لە هەرێم بکەن و چەند رێنمایى و رێکارێکى نوێ بۆ رێگرى لە تەشەنەسەندنى ڤایرۆسى کۆرۆنا بگرنەبەر، وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى هەرێمیش دەڵێت: سێ بژاردەمان خستۆتە بەردەم لیژنەی باڵاى روبەڕوبونەوەى کۆرۆنا بۆئەوەى لە نزیکترین کاتدا ببێتە بڕیار.

بەپێى زانیاریەکانى دیجیتاڵ میدیاى (KNN)، رۆژى دووشەممە لیژنەى باڵاى روبەڕوبونەوەى کۆرۆنا لە هەرێم کۆدەبنەوە و تاووتوێى دۆخى کۆرۆنا و رێگرى لە ئەگەرەکانى تەشەنەسەندنى ڤایرۆسەکە لە هەرێمى کوردستان دەکەن.

هاوکات د. ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایدەگەیەنێت، سێ بژاردەیان خستۆتە بەردەم لیژنەی باڵاى روبەڕوبونەوەى کۆرۆنا لە هەرێم؛ بۆئەوەى بڕیاری خێرا و پێویست بدرێت بۆ رێگرتن لەو تەشەنەکردنەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە عێراقدا هەیە و لە نزیکترین کاتدا ببێتە بڕیار.

سێ تەوەر گفتوگۆى لەبارەوە دەکرێت
دیجیتاڵ میدیاى (KNN) لە سەرچاوەیەک لە لیژنەى باڵاى روبەڕوبونەوەى کۆرۆنا لە هەرێم زانیویەتى، لیژنەکە گفتوگۆ و هەڵسەنگاندن سەبارەت بە سێ تەوەر دەکەن، یەکەم: بەردەوامیدان بە پڕۆسەى خوێندن، دوەم: داخستنى چەند شوێنێکى گشتى، سێیەم: توندوتۆڵکردنى دەروازە سنوریەکان و بازگەکان و گرتنەبەرى مەرج و رێکارى نوێ.

هاوکات هەریەک لە وەزیرى (تەندروستى، پەروەردە و خوێندنى باڵا) تاتووتوێى دۆخى خوێندن لە هەرێم و ئەگەرەکانى بەردەوامیدان بە پڕۆسەکە دەکەن.

"ئەگەرى هەیە پڕۆسەى خوێندن لەناو پۆل رابگیرێت"
ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند، پێوەرێکیان داناوە بۆ هەردوو ئەگەرى بەردەوامیدان یاخود راگرتنى پڕۆسەى خوێندن لە هەرێم، بەجۆرێک؛ ئەگەر تا بەروارى (22/2/2021) کە دەکاتە رۆژى دووشەممەى داهاتوو، هەڵسەنگاندنەکان لە روى رێژەى توشبوانى کۆرۆنا لەناو قوتابخانە و خوێندنگەکاندا لە ئاستێکى نزیک لە مەترسیداردابوو، ئەوا بڕیار لەبارەى راگرتنى پڕۆسەى خوێندن لە ناو پۆلدا دەدرێت.

پێشنیارەکان چییە؟

یەکێک لەو پێشنیارانەى لەبارەى پڕۆسەى خوێندن لە هەرێم هەیە، ئەگەر هەر قوتابخانەیەک رێژەى توشبوانى کۆرۆنا تێیدا لە ئاستێکى بەرزدابێت، ئەوا تاقیکردنەوەى وەرزى یەکەم ئەنجام دەدەن و پاشان قوتابخانەکە دادەخرێت و بە شێوەى ئەلیکترۆنى بەردەوامى بەپڕۆسەى خوێندن دەدەن.

قەدەغەى هاتوچۆ و کەرەنتینەى گشتی
پێشنیارێکى دیکە لەبارەى قەدەغەى هاتوچۆ و کەرەنتینەى گشتیەوەیە، سەرچاوەکەى دیجیتاڵ میدیاى (KNN) رایگەیاند، باس لە گرتنەبەرى ئەو دوو رێکارە نەکراوە، بەڵام پلانى وەزارەتى تەندروستى هەرێم؛ داخستنى چەند شوێنێکى گشتیە کە دەبنە هۆکار بۆ بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا بەشێوەیەکى خێرا.

کۆبونەوەى لیژنەى باڵاى روبەڕوبونەوەى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان لە کاتێکدایە، کە ڤایرۆسى (کۆرۆناى گۆڕاو) لە چەند پارێزگایەکى عێراق تۆمارکراوە و بەوهۆیەوە قەدەغەى هاتوچۆ و چەند رێکارێک گیراوەتەبەر.

هاوکات رۆژانە ژمارەى توشبوانى ڤایرۆسەکە لە هەرێم بەراورد بە مانگى رابردوو، روو لە هەڵکشانە و تائێستاش (107) هەزار و (418) توشبوى کۆرۆنا لەسەرەتاى سەرهەڵدانى ڤایرۆسەکەوە لە هەرێمى کوردستان تۆمارکراوە و لەو ژمارەیەش (102) هەزار و (763) کەس چاکبونەتەوە و (3504) توشبوو گیانیان لەدەستداوە.

*بڕیار نامیق – پەیامنێرى دیجیتاڵ میدیاى (KNN)
21486 جار خوێندراوەتەوە