بۆئەوەى جگەرت تەندروستبێت واز لەم پێنج خۆراکە مەهێنە

KNN : Kurdish News Network
08:37 - 19/02/2021
تەندروستی

جگەر یەكێكە لە گرنگترین و سەرەكیترین ئەندامەكانی جەستە، كە كار لەسەر ئەندامەكانی دیكەش دروست دەكات، چەند خۆراكێك هەن بە هاوڕێی جگەر دادەنرێن و بەهێزی دەكەن، بەپێچەوانەوە ڕۆتینی خراپی ڕۆژانە و دووركەوتنەوە لەو خواردنانە زیانی بۆ جگەر دەبێت.

جگەر دەكەوێتە بەشی ڕاستی سەرەوەی سك، یارمەتی كرداری هەرس و گەشە دەدات لەگەڵ چەند ئەركێكی دیكەی گرنگ، بۆیە تەندروستی جگەر بە باشی تەندروستی مرۆڤەوە بەستراوەتەوە.

ئەو باشییەى باسدەكرێت، پەیوەندییەكی زۆری بە جۆری ئەو خواردنەوە هەیە كە كەسێك دەیخوات، بۆیە زۆر گرنگە مرۆڤ بە وریایی و وردییەكی زۆرەوە خواردنەكانی دیاری بكات.

بەڕای پسپۆڕەكان پێنج خۆراك هەن پڕ سودترینن بۆ مرۆڤ ئەوانیش بریتین لە:

چای سەوز: خواردنی بەشێوەیەكی بەردەوام و ڕێکخراو، ژەهر و ماددە زیان بەخشەكانی لەش لەناودەبات، كاچین كە ماددەی سەرەكی پێكهاتەكەیەتی بۆ تەندروستی جگەر زۆر گرنگە.


زەردەچەوە: یەكێكە لەو بەهاراتانەی لە چێشتخانەی هیندیدا زۆرترین بەكارهێنانی هەیە، بە بەهاراتی ئاڵتونی ناو دەبرێت و لە كۆنەوە وەك چارەسەر بەكارهاتووە.
ماددەی كورومین لە پێكهاتەكەیدا، ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەكانی جگەر كەمدەكاتەوە، بۆیە بۆ بەهێزكردنی ئەو ئەندامە، باشترە زەردەچەوە بكرێتە پێكهاتەی ئەو خواردنانەی ڕۆژانە دەخورێن.

زەیتی زەیتون: زۆر زەیتی تەندروست و بەسود بونیان هەیە، بەڵام زەیتی زەیتون تایبەتمەندترینیانە و چەوری سەر جگەر دەتوێنێتەوە، هەروەها ژەهری زیان بەخشی لەش لەناودەبات.

سەوزە گەڵاكان: مەبەست كاهوو، قەرنابیت، كەلەرم، بروكلی و هاوشێوەكانیانە كە بڕێكی زۆر ماددەی گلۆتاسیۆن لە پێكهاتەكەیاندا هەیە، كە یارمەتی دەردانی جۆرە ئەنزیمێك دەدات بۆ پاكردنەوەی جگەر، بۆیە خواردنیان بەشێوەیەكی ڕۆژانە یارمەتی تەندروست ڕاگرتنی جگەر دەدات.

ترێی كێوی و توتڕك: ڕێگری دەكەن لە ئەگەری توشبوون بە سیرۆسیسی جگەر، بڕێكی زۆر ماددەی دژە ئۆكسیدیان تێدایە بەتایبەت ئەنسۆسیانین كە پارێزگاری لەو ئەندامە دەكەن و بەرگرییەكەی بەهێز دەكەن.

6363 جار خوێندراوەتەوە