چۆن کێشەى نارێکى و کەم خەو چارەسەر دەکەین؟

KNN : Kurdish News Network
01:34 - 16/02/2021
تەندروستی

توێژینەوەکان دەریان خستووە (3⁄2 )ی ئەوانەی دەناڵێنن بە ھۆی ئازاری بەردەوامی لەشیانەوە کێشەی کەم خەووی و ناڕێکی خەویان ھەیە، لەبەر ئەوەی کەم خەوی کاریگەرییەکی راستەوخۆی ھەیە لەسەر زیادکردنی ئازار و بەھەمان شێوەش ئازار دەبێتە ھۆی ناڕێکی و کەم خەوی کەھەردووکی وەک بازنەیەکی داخراو کاردەکەن.

بۆیە ھەندێ رێنمایی ھەیە کەگرنگە پەیڕەوی بکرێت بۆ نەھێشتنی کەم خەوی و باشکردنی ناڕێکی خەو لەو نەخۆشانەی ئازاری بەردەوامیان ھەیە.

رێنماییەکان :
یەک/ پەیڕەوی کردنی ھەندێ عادەت و خۆ دوورخستنەوە لە ھەندێکی تر:

زۆرێک ھەیە لەو کردارانەی کە کاریگەریان ھەیە لەسەر نووستن، ھەندێکیش وا لە جەستەمان دەکات کە تێبگەین ئیتر کاتی خەوەو خۆمان ئامادە کەین بۆ نووستن، ھەندێک لەو کردارانەی دەبێت خۆمان بە دوور بگرین لێی ئەمانەن:

- دوورکەوتنەوە لەوخواردنەوانەی کە ماددەی کافایینی تیادایە وەک: چا، قاوە، بیبسی و خواردنەوە گازییەکان بۆ ماوەی (شەش) کاتژمێر پێش خەوتن.
- دوورکەوتنەوە لە وەرزش (4 بۆ 6) کاتژمێر پێش کاتی خەو، چونکە یارمەتی ھۆشیار کردنەوەی لەش دەدات کە کاتی پێویستە ھەتا وات لێبێتەوە بخەویت.
- دوورکەوتنەوە لەخواردنی زۆر یاخود خواردنی خواردەمەنی تون و پڕ بەھارات نزیک کاتی خەوتن، ئەمانە ھەمووی کاتی ئەوێت بۆ ھەرس کردن.
- دوورکەوتنەوە لەبەکارھێنانی ماددە کحولیەکان یان ئەوانەی نیکۆتینیان تێدایە وەکو جگەرە کەتوشی کەم خەویمان دەکەن.

بەھەمان شێوە ھەندێ کردار ھەیە کە کردنیان دەبێتە ھۆی ڕێکخستنی خەو کە ئەمانەن:

- ئەنجامدانی وەرزش لە بەیانیان زوودا، دەبێتە ھۆی زوو خەوتن لە شەودا.
- خۆشوشتن یاخود شاوەر بە ئاوی گەرم لە ئێواراندا دەبێتە ھۆی خاو کردنەوەی ماسولکەکان و زوو خەوتن لە شەودا.
- خۆ کێشانەوەو راکێشانی ماسولکەکانی لەش بۆ ماوەی (3 بۆ5) خولەک پێش نووستن یارمەتی خاوبوونەوەی ماسولکەکان و جومگەکان دەدات.
- خواردنەوەی شلەمەنی گەرم کە ماددەی کافایینی تیادا نەبێت کاتژمێرێک پێش خەوتن یارمەتی زوو خەوتن دەدات وەکو: شیری گەرم ، چای ڕووەکی.
-لەھەمان کاتدا ڕێکخستنی خەو بە جۆرێک ھەموو ڕۆژێک لەھەمان کاتدا بچیتە ناو جێگاو لەھەمان کاتد ا ھەڵسیت ، یارمەتی ڕێکخستنی خەو دەدات و شەونخوونی کەم دەکاتەوە.

دوو/  بەکارھێنانی تەکنیکی دەروونی بۆ کەم کردنەوەی ئازار لە کاتی پێش خەودا:

 
- ھیپنۆسیس (hypnosis): ئەویش بە بەکارھێنانی ھەندێ رێگا بۆ ئارام کردنەوەو لەبیرکردنی ئازا ، وەکو کوژاندنەوەی گڵۆپ، داخستنی دەرگاو پەنجەرە، دروست کردنی کەشێکی بێ دەنگ.
- بینینی ھەندێ دیمەنی ئارام کەرەوە پێش نووستن بۆ نموونە: سەیرکردنی ئاسمان و ئەستێرەکان، سەیرکردنی ھەور لە ئاسماندا، ئەم جۆرە دیمەنانە توێژینەوەیان لەسەرە کە بینینیان دەبێتە ھۆی کەم کردنەوەی ئەو ستریس و بێزارییەی لە رۆژدا بە ھۆی کار و ژیانەوە تووشی دەبین، ئارام بەخشن.
- میدیتەیشن و یۆگا: ئەمانە ھەمووی رێگان بۆ خاوکردنەوەی ماسولکەکان و ئارام کردنەوەی بیر و ھۆش، و نەھێشتنی ستریس و بێزاری.
- دانانی دەفتەری بیرەوەری، بۆ نوسینەوەی ستریس و بێزاریەکانت چەند کاتژمێرێک پێش نووستن، بۆ ماوەی (10 تا15) خولەک و بەجێھێشتنی ئەو ژوورەی کە تیایدا دەنووسی بۆ سەر جێگای خەوتنت، ھەر جارێکیش بە بیرت ھاتەوە دەبێت خۆت دڵنیا کەیت کە بەیانی کاتی تەواوت ھەیە بۆ بیرکردنەوە لێی.

سێ/  دروست کردنی کەشێک بۆ خەوتنێکی ئارام:

 
- بەکارھێنانی پێخەف و دۆشەک و سەرینی گونجاو، دانانی سەرین لەنێو ئەژنۆکاندا لەکاتێکدا لەسەر لا دەخەویت زۆر یارمەتی خاووبوونەوەی ماسولکەکان دەدات.
- بەکارھێنانی دۆشەکی تەندروست کەنەزۆر ڕەق بێت نەزۆر نەرم.
- کۆنتڕۆڵ کردنی رووناکی و دەنگ بۆ ئارام بوونەوەو نەھێشتنی کەم خەوی ھەندێک جار موسیقایەکی ئارام لەوانەیە یارمەتی زوو خەوتن بدات.
- دورخستنەوەی مۆبایل و ئامێرە زیرەکەکان  و کوژانەوەیان و لابردنیان لەو ژوورەی کە لێدەخەویت.

چوار/ بەکارھێنانی دەرمان: ھەنێک جار پزیشک ناچار دەبێت ھەندێک دەرمان بەکاربھێنێت بۆ یامەتیدانی نەخۆشەکە بۆ خەوتن وەنەخۆش بێ ڕێنمایی پزیشک بە ھیچ جۆرێک نابێت بەکاریان بێنێت وەک:

- ئازارشکێنەکان: وەکو ئەسپرین، ڤوڵتارین، پڕۆفین ..ھتد.
- ماسولکەخاوکەرەوەکان .
- ھێورکەرەوەکان یاخود دژە پەرکەمەکان ھەندێ جار بەکار دەھێنرێن .
- نارکۆتیکەکان: کە ئەمانە تەنیا دوای نەشتەرگەری بەکاردەھێنرێن و مرۆڤ تووشی ئالودەبوون دەکەن، لەبەرئەوە دەبێت ھەتا ئەتوانرێت بە دوور بین لێیان.
- ھەندێ دەرمان ھەن خەولێخەرن وەکو ئەو دەرمانانەی بۆ حەساسیەت بەکار دەھێنرێن ( ئەنتی ھستامینەکان ).
- میلاتۆنین: کە بەشێوەی کەپسولی تەواوکەر (supplement )ھەیە، ئەمیش ئەو ھۆرمۆنەی تیادایە کە یارمەتی زوو خەو لێخستن ئەدات.

ھەمیشە ئازاری پشت ڕێگری لە زوو خەوتن دەگرێت و دەبێتە ھۆی شەونخوونی و کەم خەوی بۆیە باشترە ھەمیشە ئەو  ڕێنماییانە پەیڕەو کەین کە دەبنە ھۆی کەم کردنەوەی ئازار.
ھەرشادو تەندروست بن.

د. ھەڤین کەمال شاە محمد ..
پسپۆڕی بێھۆشکاری و ئازار شکاندن.
ئەندامی ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ ئازار شکاندن.

2094 جار خوێندراوەتەوە