ئایا خواردنەوە دایتەكان بێ زیانن؟

KNN : Kurdish News Network
09:10 - 10/02/2021
تەندروستی

بازاڕەكان پڕن لەو خواردنەوانە كە بە زیرۆ شەكر یاخود دایت و لایت ناسراون، زۆركەسیش حەز بە خواردنەوەیان دەكەن و بەو هیوایە دەیخۆنەوە كە بێ زیانە و كێشی لەشیان زیاد ناكات، بەڵام ئەنجامی توێژینەوەیەك ئاشكرایدەكات، زۆر بەكارهێنانی ئەو خواردنەوانە زیانی زۆری بۆ تەندروستی هەیە.

 

توێژینەوەكە لە ئەمریكا ئەنجامدراوە و باسی لەوە كردووە، پەیوەندییەكی بەهێز هەیە لە نێوان خواردنەوە دایتەكان و ئەگەری توشبوون بە خەمۆكی، بە جۆرێك ئەو كەسانەی ڕۆژانە چوار پەرداخ یان چوار قتوو لەو خواردنەوانە دەخۆنەوە، ئەگەری توشبوونیان بە خەمۆكی لە كەسانی دیكە زیاترە.

 

پسپۆڕەكان بۆ ماوەیەك چاودێری 250 هەزار كەسی توشبوو بە خەمۆكیان كردووە چەند پكشنینێكیان بۆ ئەنجام داون، دواتر دەركەوتووە زۆرینەیان لەوانەن كە پێش توشبوونیان بەو حاڵەتە  بە بەردەوامی ئەو جۆرە خواردنەوانەیان خواردۆتەوە.

 

سەبارەت هۆكاری ئەو كاریگەرییە، پسپۆڕەكان ئاماژە بەوە دەكەن، ئەو ماددەیەی لە بری شەكر دەكرێتە خواردنەوە دایتەكانەوە، بە ئەسپرتام ناسراوە و هۆكارێكە توشبوونە بە خەمۆكی.

 

توێژەرەكان ئامۆژگاری هاوڵاتیان دەكەن بە كەمكردنەوەی بڕی خواردنەوە دایتەكان، ئەگەر هەستیان لە خەمۆكیش كرد، ئەوا سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكەن بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر

320 جار خوێندراوەتەوە