سودە سەرسوڕهێنەرەكانی گریان و فرمێسك ڕشتن

KNN : Kurdish News Network
09:08 - 15/01/2021
تەندروستی

مرۆڤ بۆ دەربڕینی هەستەكانی لەكاتی دڵتەنگی و هەندێ كاتیش دڵخۆشی پەنا بۆ گریان و فرمێسك ڕشتن دەبات، بەڵام ڕەنگە دركیان بەوە نەكردەبێت ئەو كردارە سودی بۆ جەستەیان هەیە.

 

 
بەپێی ڕاپۆرتێكی ماڵپەڕی ڕامبلەری تەندروستی، چەند جۆرێكی جیاوازی فرمێسك هەیە، بۆیە ئەو كاریگەری و سودانەی بەجەستەی دەبەخشێت بەپێی جۆرەكەی دەگۆڕیت.

 

ئەو فرمێسكەی لەچاودا دەمێنێتەوە و نایەتە خوارەوە، یاخود وەك ئاوێك هەمیشە لە چاودایە و تەڕییەكی پێدەبەخشێت، بە فرمێسكی بنچینەیی یاخود فرمێسكی نەبینراو ناودەبرێت، چاو بە شێداری دەهێڵێتەوە و ڕێگرە لە وشكبونەوە.

 

جۆرێكی دیكەی فرمێسك ئەوەیە بەشێوەیەكی خۆنەویست و لەكاتی هەستكردن بە بونی مەترسییەك لەسەرچاو دێتە خوارەوە، بەو شێوەیەش ڕێگرە لە چونە ژوورەوەی بەكتریای زیانبەخش بۆ ناو لەش و یاخود هەوكردن، ئەو جۆرە فرمێسكەش لەكاتی پاككردنی پیاز یاخود ڕەشەبا و گۆڕانكارییەكانی كەش و هەوا دێتە خوارەوە.

 

جۆرێكی دیكەی فرمێسك ئەوەیە كە پەیوەندی بە هەستەكانی مرۆڤەوە هەیە، هەڵگری چەند ماددەیەكە و كاریگەرییان وەك هێوركەرەوە و ئازارشكێن وایە لەسەر جەستە.

 

ئەو جۆرە كۆئەندانی دەماری سمپاتیك چالاك دەكات كە بەرپرسە لە هێوركردنەوە و پشودانی مرۆڤ، ئەوەش سودێكی زۆری هەیە بەتایبەت لەوكاتانەی كەسێك هەست بە نائارامی یاخود فشارێكی زۆر دەكات بەهۆی هەستەكانییەوە.

 

بەپێی ئەنجامی ئەو توێژینەوانەی لەسەر گریان و فرمێسك ڕشتن ئەنجامدراوە، گریان بۆ ماوەیەكی زۆر و درێژ دەبێتە هۆی دەردانی ئۆكسیتۆسین و ئەندرۆفین، كە هەردووكیان بەرپرسن لەباشكردنی باری دەرونی، هەر ئەوەش هۆكاری ئەوەیە هەندێك كەس دوای گریانێكی زۆر دەست دەكەن بە پێكەنین.

796 جار خوێندراوەتەوە