پەرلەمانی ئێران داوای قەدەغەی هاوردەکردنی ڤاکسینەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا دەکات

KNN : Kurdish News Network
05:41 - 10/01/2021
جیهان

ژمارەیەک ئەندامی پەرلەمانی ئێران داوایان لە حکومەتی وڵاتەکەیان کرد، هاوردەکردنی ڤاکسینەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا قەدەغەبکرێت.

لە راگەیەنراوێکدا (200) ئەندامی پەرلەمانی ئێران، ئاماژەیان بەوەکردوە، "بەهۆی نەبوونی بەڵگەی زانستی لەسەر بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە، نەبوونی بەڵگەی پێویست لەسەر ئاستی تەندروستی و کاریگەریی زانستی پێکوتەی کۆمپانیا ئەمریکی و بەریتانییەکان باشتر وایە ڤاکسین لەو وڵاتانەوە هاوردە نەکرێن". 


دەشڵێن: "بەڵگەمان هەیە کە ئەو ڤاکسینانە لێکەوتەی خراپی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەبووە و رێژەی گیانلەدەستدانی بەرزکردووەتەوە، بۆیە داوا لە حکومەت دەکەن رێگە لە هاوردەکردنی پێکوتەی ئەو کۆمپانیایانە بگرێت".



کاردانەوەی پەرلەمانتارانی ئێران دوای وتەکانی عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بوو ،کە رۆژی هەینی هاوردەی ڤاکسینی کۆرۆنای بەریتانی و ئەمریکی قەدەغەکرد و وتی، "هەندێ گومان هەن کە ئەو وڵاتانە دەیانەوێ ڤاکسینەکەیان لەسەر خەڵکی وڵاتانی دیکە تاقی بکەنەوە، بۆ ئەوەی بزانن کاریگەریی هەیە یان نا".

124 جار خوێندراوەتەوە