فالح فەیاز؛ نامەوێت باس لە دەرئەنجامەکانى ریفراندۆم بکەم

KNN : Kurdish News Network
04:09 - 10/01/2021
عێراق

سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبى لە کەرکوکەوە دەڵێت کەرکوک عێراقێکى بچوکە پرسى ئەوشارەش پرسێکى گرنگە، بەپێویستى دەزانێت هەرێم و بەغدا کێشەکانى نێوانیان چارەسەربکەن

لەمیانى مەراسمیێکدا کە بۆ ساڵیادى کوژرانى قاسم سولەیمانى و ئەبومەهدى موهەندیس لە کەرکوک بەرێوەچوو، فالح فەیاز سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبى رایگەیاند، نامەوێت قسە لەسەر دەرئەنجامەکانى ریفراندۆم بکەم.

سەبارەت بە دۆخى پارێزگاى کەرکوکیش فالح فەیاز رایگەیاند، کەرکوک عێراقێکى بچوکە و پێویستە رێز لەسەرجەم پێکهاتەکانى بگیرێت و هیچ نەتەوەیەکى کەرکوک دژى نەتەوەیەکى دیکە نیە، ناجێگیرى دۆخى ئەمنى کەرکوک کاریگەرى لەسەرهەموو عێراق دەبێت.

لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبى رایگەیاند، پێویستە کێشەکانى نێوان هەرێم وبەغدا بەپێى یاساو دەستور چارەسەر بکرێن.

فالح فەیاز لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا باسى لە ڕۆڵى هێزى پێشمەرگە کردوە رایگەیاند، پێشمەرگە و حەشدى شەعبى پێکەوە شەڕى رزگارکردنى موسڵیان کرد.   

2152 جار خوێندراوەتەوە