دۆخى تەندروستى سلێمانى لە زارى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستییەوە

KNN : Kurdish News Network
12:10 - 27/12/2020
تەندروستی

بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى رایدەگەیەنێت؛ توشبون و گیانلەدەستدان بەهۆى کۆرۆناوە دابەزیوە، دەشڵێت: هەرکاتێک ڤاکسین بگاتە عێراق پشکى ئێمەش دەنێرن.

دکتۆر. سەباح هەورامى، بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا باسى لە رەوشى تەندروستى پارێزگاکە کرد و رایگەیاند: لەئێستادا ژمارەت توشبون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا دابەزیوە و ژمارەى نەخۆشیش لە نەخۆشخانەکان کەمى کردوە، ئەوەش بەهۆى پابەندبونى هاوڵاتیان بە مەرج و رێنماییە تەندروستییەکانەوە.

دەشڵێت: ئەوانەى ئێستا بەهۆى کۆرۆناوە گیانلەدەستدەدەن یان نەخۆشى درێژخایەنیان هەیە یان کێشەى تەندروستى دیکەیان هەیە.

لەبارەى نەوەى نوێى کۆرۆنا و ئامادەکارییەکانى تەندروستى سلێمانى، دکتۆر سەباح هەورامى وتى: نەوەى نوێى کۆرۆنا هەمان ڤایرۆسە و هەمان نیشانەیە، تەنها خێرا دەگوێزرێتەوە لێرەش ئامادەکاریمان کردوە لە رێگەى تاقیگە و پشکنینەوە نمونەمان وەرگرتوە لە نەخۆشەکان کە دەمانەوێت بزانین هیچ گۆڕانکارییەک لە ڤایرۆسەکە رویداوە یان نا.

ئاماژەى بەوەشکرد، تائێستا ڤاکسینى کۆرۆنا نەگەیشتوە بە عێراق، بەڵام هەرکاتێگ بگات بەشى سلێمانى وەردەگرن ئەوەش بە بەرنامە و میکانیزمێک نەک بەپێى ژمارەى دانیشتوان، بەڵکو بەپێى ژمارەى کارمەندانى تەندروستى و نەخۆشى درێژخایەنە.

سلێمانى/ بڕیار نامیق

2166 جار خوێندراوەتەوە