چاره‌گه‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ کەلوپەلی کۆنی کوردەواری کۆدەکاتەوە

08:02 - 08/07/2018
گەلەری

پیاوێکی دانیشتوی شاری سلێمانی ماوەی نزیكه‌ی چاره‌گه‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ خۆی سەرقاڵ كردووه‌ به‌ کۆکردنەوە و پاراستنی کەلوپەلی کۆنی کوردەواریی.

لە ناو دوکانە خنجیلانه‌كه‌یدا نزیکەی ١٥ ھەزار پارچەی جۆراوجۆر لە کەلوپەلی کۆنی کوردەواری کۆکردووەتەوە، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت: مێژووی بەشێک لەو کەلوپەلانە بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

رەئوف عەبدوڵڵا عەزیز، پیاوێکی تەمەن ٧٢ ساڵانى دانیشتووی شاری سلێمانیە، ئەو ده‌ڵێت: وەک خولیایەکی خۆی کار و کەسابەتی ژیانی بووەتە کۆکردنەوەی کاڵا و کەلوپەلی کۆنی مێژوویی کە لە سەدەکانی رابردوودا لەم ناوچەیە بەکارھێنراون.

ده‌شڵێت: نزیکەی ١٥ ھەزار پارچەی جۆراوجۆری کەلوپەلی کوردەواری لە ھەموو بابەتەکانی ھەڵگرتووە و لە لەناوچوون پاراستوونی.

رەئوف عەبدوڵڵا ئاماژه‌ به‌ مێژووی ئه‌و كه‌ل و په‌لانه‌ ده‌كات و ده‌ڵێ "بەشێکی ئەو کەلوپەلانەش مێژووی دروستکردن و بەکارھێنانیان بۆ ٣٠٠ تا ٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، پارچەکانی تریش لە کۆندا بەکارھێنراون و بۆ نەوەی ئێستا بوونەتە مێژوو".

به‌ وته‌ی رەئوف عەبدوڵڵا، بەشێکییان وەک یادگارییەک ئەو پارچانە دەکڕن و بۆ جوانکاری و وەک کاڵایەکی کۆن لە ماڵەوە یان شوێنی کارەکانیان دایان دەنێن.

1728 جار خوێندراوەتەوە