تورکیا هێز رەوانەى ئازەربایجان دەکات

KNN : Kurdish News Network
08:46 - 21/11/2020
جیهان

وەزیرى بەرگرى تورکیا رایگەیاند: دەستیان بە ئامادەکاریکردوە بۆ ناردنى هێز بۆ ئازربایجان، دەشڵێت: ئەوە لەبەر بەرژەوەندى براکانمانە لە ئازربایجان و دەبێت ئەنجامى بدەین.

خلوسى ئاکار، وەزیرى بەرگرى تورکیا رایگەیاند: پرسى ناردنى هێز بۆ ئازەربایجان پەسەندکراوە و ئامادەکارییەکانیش بۆ ئەو مەبەستە دەستى پێکردوە.

جەختى کردەوە، بە زویی هێز دەنێرینە ئازەربایجان و بۆ ئەو گواستنەوەیەش هێزی ئاسمانی سوپای تورکیا لە ئامادەیی تەواودایە.

هەروەک باسى لەوەکرد، گفتوگۆکانیان لەگەڵ روسیا لەسەر هەمان بابەت بەردەوامە و مەبەستیش لە ناردنى هێز " پاراستنى بەرژەوەندی و مافی براکانمان لە ئازەربایجان بۆیە پێویستە ئەنجامی بدەین".

ئەوە لە کاتێکدایە، لە کۆتایى مانگى ئەیلول شەڕ لە نێوان هەردو وڵاتى ئازربایجان و ئەرمینیا لەسەر خاکى هەرێمى قەرەباغ دەستى پێکرد و لە ئێستاشدا بەسەرپەرشتى روسیا ئاگربەست دەستى پێکردوە کە زیاتر لە بەرژەوەندى ئازەربایجانە و ئەرمینیا بەناچارى ئاگربەستى راگەیاندوە.

هەرچەندە تائێستا ئامارێکى دروست لەبەردەست نیە، بەڵام زیاتر لە چوار هەزار سەرباز و هاوڵاتى لەو شەڕەدا کوژراون کە لاى خۆیەوە ئەرمینیا کوژرانى (2320) سەربازى ئاشکراکردوە.

286 جار خوێندراوەتەوە