عێراق؛ کورتهێنانى دارایى لە بودجەى ساڵى داهاتودا دەیان ترلیۆن دینارە

KNN : Kurdish News Network
09:10 - 19/11/2020
عێراق

ئەندامێکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق قەبارەى کورتهێنانى دارایى لەبودجەى ساڵى داهاتوى عێراقدا ئاشکرا دەکات کە بڕەکەى دەیان ترلیۆن دینارە.

جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لەلێدوانێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، قەبارەى کورتهێنانى دارایى لەبودجەى ساڵى داهاتوى عێراقدا لە (35) ترلیۆن دینار کەمترنیە، ئەو کورتهێنانەش لە رێگەى قەرزەوە پڕدەکرێتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە باس لە ئەگەرى کەمبونەوەى قەبارەى کورتهێنانى دارایى دەکات و لەوبارەیەوە رایگەیاندوە، حکومەتى عێراق بەڵێنیداوە لەناو پرۆژە یاساى بودجەى ساڵى (2021) دا چاکسازى بکات، لەوحاڵەتەشدا قەبارەى کورتهێنان و قەرزکردنیش کەمدەێتەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە بڕیارە بەرلەکۆتایى هاتنى ئەم مانگە حکومەتى عێراق پرۆژە یاساى بودجەى ساڵى (2021) رەوانەى ئەنجومەنى نوێنەران بکات، بەپێى زانیاریەکانیش لەئێستادا وەزارەتى دارایى عێراق رەشنوسى پرۆژە یاساکەى ئامادەکردوە، لەناو پرۆژە یاساکەشدا نرخى هەربەرمیلێک نەوت بە (35 -40) دۆلار دیارى کراوە.

519 جار خوێندراوەتەوە