ئەستێرە بەناوبانگەكانی ئەمریكا چییان بۆ بردنەوەی بایدن كرد

KNN : Kurdish News Network
12:41 - 08/11/2020
هەمەڕەنگ

دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا و بردنەوەی جۆ بایدن كاندیدی دیموكراتەكان، زۆرینەی ئەستێرەكانی ئەو وڵاتە خۆشحاڵی خۆیان بە ئەنجامەكان دەربڕی و پیرۆزباییان لە (46) هەمین سەرۆكی وڵاتەكەیان كرد.

زۆرینەی هونەرمەندانی هۆلیود و ئەستێرەكانی گۆرانی؛ هەر لەسەرەتاوە حەزیان بە بردنەوەی بایدن دەكرد و دژایەتی دۆناڵد ترەمپیان دەكرد، لە ڕۆژی هەڵبژاردندا هانی ئەمریكییەكانیان دەدا دەنگ بە كاندیدی دیموكراتەكان بدەن.

لەیدی گاگا لەڕێی ئینستەگرامەوە وێنەیەكی بایدن و كامالا هاریس جێگرەكەی بڵاوكردۆتەوە كە باوەشیان بەیەكدا كردووە و نوسیوێتی "بایدن و هاریس و گەلی ئەمریكا، كارێكی ئازایانەیان نیشانی جیهاندا، هیچمان نییە لە خۆشەویستی زیاتر بۆ سەرۆكە تازەكەمان و جێگری یەكەمی كە هەڵبژێردراون بۆ كۆشكی سپی".

جێنیفەر لوپێز وەك ئاهەنگ گێڕان ڤیدیۆیەكی سەماكردنی خۆی داناوە لە ئاهەنگێكیدا و نوسیوێتی "بایدن سەرۆكە و هاریس جێگر".

ئەكتەری ناسراو سۆفی تێرنەر وێنەی سەرۆكی نوێ و جێگرەكەی لەگەڵ دڵێكدا داناوە، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ دڵخۆشی بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە، ئەمە هەمان ئەو كارەیە كە كیم كارداشیان لایەنگری دیمكراتەكان ئەنجامیداوە.

چەند ئەستێرەیەكی دیكەش بەهەمان شێوە دڵخۆشی خۆیان بە بردنەوەی جۆ بایدن دەربڕیوە لەوانە ناتالی ئیمانوێڵ كە لە پۆستەكەیدا پیرۆزبایی لەوانە كردووە كە هەوڵیانداوە "سەردەمی ڕق كۆتایی پێبهێنن".

پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان چەند هونەرمەندێكی دیكە پشتیوانی خۆیان بۆ كاندیدی دیموكراتەكان بۆ پۆستی سەرۆك دەربڕیبوو، لەوانە ڕۆبێرت دینۆرۆ، تۆم هانكس و ریتا ویڵسۆنی خێزانی، جێنیفەر لۆرانس.

دیارترین ئەو ئەستێرانەش كە پشتیوانی ترەمپ بوون بریتی بوون لە جۆن فۆیت و كریستی ئالی، بەڵام دوای بردنەوەی بایدن هیچ لێدوانێكیان نەبووە.

1193 جار خوێندراوەتەوە