ئەو خۆراکانەی سوڕی خوێن چالاک دەکەن و ئازار و گرژی ماسولکەکان کەمدەکەنەوە

KNN : Kurdish News Network
09:30 - 31/10/2020
تەندروستی

د. هەڤین کەمال پزیشکی پسپۆڕی بێهۆشکاری و ئازارشکاندن، ئاماژەی بەچەند جۆرێکی خۆراک کردووە کە دەبێتە هۆی چالاککردنی سوڕی خوێن و کەمکردنەوەی ئازار و گرژی ماسولکەکان، خۆراکەکانیش بریتین لە:

 

بیبەری تونی سور: ئەم جۆرە بیبەرانە تەنیا وەک بەھاراتێک تام و چێژ نادەن بە خۆراکەکانت، بەڵکو بەڕێژەیەکی زۆر ماددەی " کاپسەسین" یان تیادایە کە خوێنبەرەکان پاکدەکەنەوە، ئازارشکێنن و ماسولکەکانیش خاودەکەنەوە کەئەمەش دەبێتە ھۆی چالاکبوونی زیاتری سووڕی خوێن.

چەوەندەر: ڕێژەیەکی زۆری نایترەیتی تیادایە، لە لەشدا دەگۆڕێت بۆ نایتریک ئۆکساید، بۆرییەکانی خوێن نەرمدەکاتەوە و سوڕی خوێن چالاکدەکات لە خانەو شانەکانی لەشدا، ھەندێک لەتوێژینەوەان دەڵێن شەربەتی چەوەندەر فشاری خوێن دادەبەزێنێت بە تایبەت سەرەکەی (سیستۆلیک).

 

بێرییەکان: خێزانی میوەکانی وەکو (شلک، توو، گۆڵدن بێری. بلو بێری، شاتوو و توتڕک) دەگرێتەوە،بەڕێژەیەکی زۆر ئەنتی ئۆکسیدیان تیادایە، بەناوی "ئەنتۆسایەنین"ە کەپارێزگاری لە دیواری بۆرییەکانی خوێن دەکات، و ناھێڵێت ڕەق ببن و فشاری خوێن نزمدەکەنەوە.

 

ماسییە چەورەکان: وەکو سەلمۆن، ماکیریل کەجۆرە ماسییەکی دەریایە، ھالیبوت، زۆر گرنگن بۆ تەندروستی دڵ، بەهۆی ئەوەی ڕێژەیەکی زۆر ئۆمێگا سێ یان تیادایە، کاریگەرییان ھەیە لەسەر چالاککردنی سوڕی خوێن و دابەزینی فشاری خوێنیش.

 

ھەنار: دەنکە سوورەکانی ھەنار پڕن لەخۆراکە ماددەی بەسوود، بەتایبەت ئەنتی ئۆکسیدەکان و نایترەیت، دەبێتە ھۆی کشانی بۆری خوێنەکان و کەمکردنەوەی گرژی ماسولکەکان لەگەڵیدا ئاسانی ھاوچۆکردنی سوڕی خوێن، کە دەبێتە ھۆی زیادکردنی ڕۆشتنی ئۆکسجین خۆراک بۆ ھەموو بەشەکانی تری لەش، کە دەبێتە ھۆی چالاکی و ووزەی زیاتر لە مرۆڤدا.

 

سیر: بەڕێژەیەکی زۆر جۆرێک لە سەلفەری تیادایە کە ناوی (ئەلیسین)ە، بۆری خوێن خاودەکاتەوە، لەتوێژینەوەکاندا بینراوە ئەو کەسانەی بە ڕێژەیەکی زۆر سیر بەکاردەھێنن لە خۆراکەکانیاندا، کێشەی چالاکی سوڕی خوێنیان نییە و دڵ ناچار نابێت فشاری زیاتری بچێتە سەر بۆ چالاککردنی سوڕی خوێن.

 

کاکڵەی گوێز: ڕێژەیەکی زۆر جۆرێک لە ئۆمێگا سێ تیادایە کەناوی "ئەلفا-لینۆلینیک- ئەسید " ە، سوڕی خوێن چالاک دەکات،بەپێی توێژینەوەیەکیش ئەگەر بۆ ماوەی ھەشت ھەفتە بە ڕێکی گوێز بخورێت، ئەوا پارێزگاری لەتەندروستی بۆری خوێندەکات و پاکیان دەکاتەوە و فشاری خوێن دادەبەزێنێت.

ترێ: توێژینەوەکان سەلماندویانە ئەو ماددەی دژە ئۆکسیدەی لەناو ترێدا ھەیە یارمەتی بۆری خوێن دەدات کە بکشێن و باشتر کاربکەن، جگە لەوەی ترێ ئەو ھەوکردن و گەردانەی لەناو خوێندا ھەن و وادەکەن خوێن لێنجتر بێت دەیانگرێت و پاکیاندەکاتەوە، بەمەش سوڕی خوێن چالاکتر دەکات.

 

زەردەچەوە: دژە ھەوکردنێکی بەھێزە، کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ماددەی "کۆرکمین" ەی تیایدایەتی، توێژینەوەکان دەڵێن کۆرکمین ڕێژەی دەردانی نایتریک ئۆکساید زیاد دەکەن، کە بۆری خوێن دەکشێنێت و بەو جۆرەش سوڕی خوێن چالاک دەبێت و گرژی ماسولکە ناھێڵێت.

 

سپێناخ: یارمەتی بەھێز بوون و گەورەبوونی بۆریەکانی خوێن دەدات، بەو جۆرەش ڕێژەیەکی زۆرتر لەخوێن ھاتوچۆ دەکات، خواردنی سپێناخ بەڕێژەی زۆر، پارێزگاری لە دیواری بۆرییەکانی خوێن دەکات.

 

مزرەمەنییەکان: جگە لەوەی ڕێژەیەکی زۆر ڤیتامین (سی)یان تیادایە، بە ڕێژەیەکی زۆریش دژە- ئۆکسیدیان تیادایە، کە ھەوکردن کەمدەکەنەوە، جەڵتە و کڵۆت لەناو خوێندا کەمدەکەنەوە ، و سوڕی خوێن چالاکدەکەن و گرژی و ئازاری جومگە کەمدەکەنەوە، توێژینەوەیەک دەریخستووە ئەوانەی ڕۆژانە شەربەتی پرتەقاڵی فرێش دەخۆن، فشاری خوێنیان نزمدەبێتەوە.

 

642 جار خوێندراوەتەوە