تەنها (5٪) هاوڵاتیانی عێراق پابەندی رێکارە خۆپارێزییەکانن

KNN : Kurdish News Network
08:43 - 28/10/2020
عێراق

پابەندبونی هاوڵاتیان بە رێکارەکانی خۆپارێزی (5٪)ە، وەزارەتى تەندروستى و ژینگەش هۆشدارى دەدات.

ریاز عەبدولئەمیر، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتى تەندروستى عێراق رایگەیاند: پێشبینی دەکرێت لە دو مانگی داهاتودا ژمارەی توشبوانی کۆرۆنا لە عێراق رو لە هەڵکشان بکات، بەڵام بەو رێژەیەی وڵاتانی ئەوروپا نا.

وتیشی: بەشێکی زۆری هەڵکشانی ژمارەکان پەیوەستە بە پابەندبونی کۆمەڵگە بەرێکارەکانی خۆپارێزی، لە رابردودا رێژەی پابەندبونی هاوڵاتیان بەو رێکارانە گەیشتە (60٪)، بەڵام ئێستا رێژەکە (5٪) تێپەڕ ناکات و ئەوەش مەترسیدارە.

ئەو بەرپرسەى وەزارەتى تەندروستى عێراق رونیشى کردەوە، بەهۆی بەکارهێنانی چارەسەرەکانەوە ژمارەی گیان لەدەستدان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردوە بەراورد بە مانگەکانی چوار و پێنجی ئەمساڵ و لە زۆرێک لە وڵاتانی دیکەش بە هەمان شێوەیە، لە ئێستادا جیهان دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پەتایەدا بکات.

ئەوە لە کاتێکدایە، بەپێى دواهەمین ئامار لە عێراق، ژمارەى توشبوانى کۆرۆنا گەیشتۆتە (463921)کەس و لەو ژمارەیەش (391010) چاکبونەتەوە و (10) هەزار و 770) هەڵگرى ڤایرۆسەکەش گیانیانلەدەستداوە.

225 جار خوێندراوەتەوە