کۆمپانیایەک گرێ کوێرەکەی نێوان بەغدا وهەولێر دەکاتەوە

09:03 - 16/10/2020
کوردستان

دۆسیەی نەوت کە چەند ساڵێکە بوەتە گرێ کوێرەی پەیوەندیەکانی نێوان بەغدا و هەولێر؛ بەرەوکرانەوە دەچێت، کرانەوەیە کە هەم بەغدا و هەم هەولێریش  قازانجی لێدەکەن.

لەوکاتەوەی لەساڵی (2009) کە حکومەتی هەرێم بڕیاری دەرهێنان و دواتریش سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتی دا، دۆسیەی نەوت بوەتە چەقی ململانێی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند، چوار کابینەی حکومەتی عێراق و چوار کابینەى حکومەتی هەرێمش نەیانتوانی بەدیالۆگ ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن، بەڵام دواجار ناسەقامگیری ئابوری هەردولا، ئاڕاستەی کێشەکەی لە ململانێوە بەرەو لێکتێگەیشتن و نزیک بونەوە لە رێککەوتن گۆڕی.

پرسی لێک نزیکبونەوەی بەغدا و هەرێم لەسەر دۆسیەی نەوت لەلایەن ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراقەوە ئاشکرا کرا، کاتێک هەفتەی رابردو لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی راگەیاند، تێڕوانینەکانمان لەگەڵ حکومەتی هەرێم بۆچارەسەرکردنی پرسی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لەیەکتر نزیکن.

دامەزراندنى کۆمپانیایەکى نەوتى لە هەرێم
وەزیری نەوتی عێراق وردەکاری پێششنیارێکیشی ئاشکراکرد کە بۆئیدارەدانی نەوتی هەرێم خراوەتە بەردەم بەرپرسانی هەولێر و لەوباریەوە رایگەیاند، پێشنیارێکی پێشکەشکردوە بۆدامەزراندنی کۆمپانیایەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان کە سەرپەرشتی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بکات.

رونکردنەوەی زیاتری لەبارەی ئەوپێشنیارەوەداوە و رایگەیاندوە، ئەو کۆمپانیایە لەرووی تەکنیکی و کاڕگێریەوە سەر بە سەرۆکایەتی هەرێم و وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵ دەبێت.

ئەژمارێکى نێودەوڵەتى بۆ کۆمپانیاکە بکرێتەوە
بەپێی زانیاریەکان ئەو کۆمپانیایە، سەرپەرشتی میکانیزمی هەناردەکردنی نەوتی کێڵگە نەوتیەکانی هەرێم دەکات و ئەژمارێکی نێودەوڵەتیشی بۆدەکرێتەوە بۆ رێکخستنی مامەڵەی هەناردەکردنی نەوت لە رووی دارایی و یاساییەوە، ئەرکێکی دیکەی ئەو کۆمپانیایە رێکخستنی هەماهەنگی نێوان هەولێر و بەغدایە بەتایبەت لەو بابەتانەی کە پەیوەندی بە رێکخراوی هەناردەکارانی نەوتی جیهان (ئۆپیک)ـەوە هەیە.

پێچەوانەى دەستورى عێراقە
دامەزراندنی کۆمپانیەکی لەو شێوەیە پێچەوانەی دەستوری عێراقە، چونکە لە دەستوردا ئەوە یەکلایی کراوەتەوە کە حکومەتی فیدراڵی تاکە لایەنە سەرپەرشتی  دۆسیەی سامانە سروشتەیکان دەکات لەسەرتاسەری وڵاتدا، بەڵام پسپۆڕێکی بواری نەوت پێوایە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو پرسە پێچەوانەی دەستورە، دەکرێت ببێتە بنەمای رێککەوتنێکی درێژخایەنی نێوان حکومتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی.

کۆمپانیەکە روویەکى سیاسى هەیە
عێراق خاوەنی چوار کۆمپانیای نەوتە کە بریتین لە؛ کۆمپانیاکانی نەوتی باکور، باشور، ناوەراست و میسان، بەدامەزراندنى ئەو کۆمپانیایەش ژمارەی کۆمپانیاکان دەبێت بە پێنج، بەڵام ئەوەی پێنجەم لەوانی دیکە جیادەکاتەوە ئەوەیە کە خاوەن دەسەڵاتێکی زیاترە و ئەرکەکەی تەنها لە دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوتدا کورت نەبوەتەوە، جگە لەوانەش کۆمپانیاکە زیاتر روویەکی سیاسی هەیە.

ئەمە دواین بەرەوپێشچونی دۆسیەی نەوتە لەنێوان دوو حکومەتدا، بەڵام مەرج نیە ببێتە رێککەوتنی کۆتایی، چونکە دواجار ئەم رێککەوتنە پێویستی بە بەڵێ-ی ئەنجومەنی نوێنەرانە و گەرەنتی کردنی ئەو بەڵێ-یەش کارێکە کە دەچێتە خانەی مەحاڵەوە.

1296 جار خوێندراوەتەوە