ئەمەریکا: کڕینى (ئێس -400) لەلایەن تورکیاوە جێگەى قبوڵکردن نیە

07:44 - 16/10/2020
جیهان

ئەمەریکا ئیدانەی کارپێکردنی سیستمی بەرگری (ئێس – 400) دەکات لەلایەن تورکیاوە و هۆشداری دەداتە ئەنقەرە لە پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان هەردو وڵاتە.

مۆرگان ئۆرتاگۆس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ ئەمەریکا لەسەر ئاستی باڵا بە بەرپرسانی تورکیای راگەیاندوە کە کڕینی سیستمی بەرگری (ئێس- 400)ی روسی لەلایەن ئەنقەرەوە جێگەی قبوڵکردن نیە.

وتیشی: کارپێکردنی ئەو سیستمە لەلایەن تورکیاوە هەنگاوی خراپ بەدوای خۆیدا دەهێنێت بەتایبەت لە پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان ئەمەریکا و تورکیا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رونیکردەوە کە ئەگەر دڵنیابونەوە لە کارپێکردنی سیستمی بەرگری (ئێس – 400)ی روسی لەلایەن تورکیاوە، ئەوا بەتوندی ئیدانەی دەکەن و رێکاری پێویست دەگرنەبەر، چونکە ئەو هەنگاوە پێچەوانەی بەرپرسیارێتی تورکیایە کە ئەندامە لە ناتۆ و هاوبەشی ستراتیژی ئەمەریکایە.

1255 جار خوێندراوەتەوە